رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، هەردوو یاریزانی لاوی ئەو یانەیە، دین هاوسن و ئاردا گولەر داوایان لە چابی ئەلۆنسۆی راهێنەریان کردووە ئەمشەو بەرامبەر لیڤەرپوول یاری بە راول ئاسێنسیۆ نەکات و پێیانگووتووە ئەو لەژێر گوشاردا ناتوانێت یاری بکات و هەڵەی زۆر دەکات.
لەکاتێکدا ریال مەدرید خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ یارییەکی چارەنووسساز بەرامبەر لیڤەرپوول، کە ئەمشەو لەسەر یاریگەی ئانفێڵد لە لیڤەرپوول بەڕێوەدەچێت، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی چاوەڕواننەکراو دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی دوو یاریزانی گەنجی گرنگی تیپەکە، کە وەک سەرکردە لە ژووری جلگۆڕین دەرکەوتوون، داوای بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لێدەکەن سەبارەت بە ئاسێنسیۆی هاوڕێیان.
دین هاوسن و ئاردا گولەر، سەرەڕای تەمەنی بچووکیان، بوونەتە بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاو لە تیپەکە، بەهۆی ئاستە بەرزەکانیانەوە لەم وەرزەدا، کە بەشدارییەکی بەرچاویان لە ئەنجامەکانی تیپەکەدا هەیە، و توانیویانە پێگەی خۆیان وەک یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکان لە پێکهاتەکەی ئەلۆنسۆدا بچەسپێنن، بۆیە قسەیان لەو یانەیە دەڕوات و بەهۆی داوایەکی ئەوانەوە بەر لە یاریی لیڤەرپوول خاڵێکی ناکۆکی گرنگ سەرهەڵدەدات.
رکابەرێکی بەهێز
سەرەڕای ناجێگیریی ئەنجامەکانی لیڤەرپوول لە ماوەی رابردوودا، بەڵام یانە ئینگلیزییەکە هێشتا خاوەن پێکهاتەیەکی پڕ لە ئەستێرەکانە، کە دەتوانن لە هەر ساتێکدا هاوسەنگییەکە بگۆڕن. ئەمەش واتای ئەوەیە کە ریال مەدرید پێویستی بەباشترین ئاستی یاریزانەکانی هەیە بۆ مسۆگەرکردنی بردنەوە و دڵنیاکردنەوەی جێگەیەک لەنێو باشترین هەشت یانەی کێبڕکێ ئەورووپییەکەدا.
بەڵام لەنێو ئەم ئامادەکارییانەدا، داواکارییەکی کتوپڕ لە هاوسن و گولەرەوە هەبوو کە چاوەڕواننەکراو بوو.
دوو یاریزانە گەنجەکە چیدی متمانەیان بە هاوتیمەکەیان، راول ئاسێنسیۆ نەماوە، و پێیانوایە کە ئەو ئاستی پێویستی نییە بۆ ئەوەی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بێت بەرامبەر لیڤەرپوول.
بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی یانەی شاهانە، دوو یاریزانە گەنجەکە داوایان لە چابی ئەلۆنسۆ کردووە کە ئاسێنسیۆ لە یارییە پڕ گوشارەکاندا وەک یاریی لیڤەرپوول بەشداری نەکات، ئەمەش بەو پاساوەی کە ناتوانن پشت بە تواناکانی ببەستن لە بەرامبەر ئەستێرەکانی وەک محەممەد سەڵاح، کۆدی گاکپۆ و ئیکیتیکی. لەکاتێکدا کە هێشتا داهاتووی ئاسێنسیۆ لە ریال مەدریددا نادیارە، ئەم لێدوانانە لەوانەیە کاریگەریی لەسەر پێگەی لە یانەکەدا هەبێت.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، هاوسن و گولەر بە ئەلۆنسۆیان گوتووە ئاسێنسیۆ لەژێر گوشاردا هەڵەی زەق و مەترسیدار دەکات، بۆیە باشترە یاری بەو نەکەی لە بەرامبەر لیڤەرپوولدا.
ئاسێنسیۆ لەژێر چاودێریدا
سەرەڕای ئەوەی ئاسێنسیۆ رۆژانێک یەکێک بوو لە ناوە دیارەکانی ریال مەدرید، بەڵام ئێستا بووەتە بابەتێکی مشتومڕ دوای رۆیشتنی کارلۆ ئەنچێلۆتی، کە لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆدا رۆڵی لە تیپەکەدا کەمتر بووەتەوە، و وەک پێویست ئاستێکی باشی پێشکێش نەکردووە بۆ سەلماندنی شایستەیی خۆی بۆ بەشداریکردنی بەردەوام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ