رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی ئینگلتەرا پەردەیان لەسەر داهاتوویەکی سەرنجڕاکێشی یاریگەکانی تۆپی پێ لادا، پڕۆژە نوێیەکان باس لە گۆڕانکارییەکی گەورە دەکەن لە شێوازی بینینی یارییەکان، لێرەدا چیدی تەنیا باس لە یاریگەیەکی سادە ناکرێت، بەڵکو باس لە شارێکی دیجیتاڵی دەکرێت لە رێگەی بەکارهێنانی هۆلۆگرامی یاریزانەکان، دیوارە مەزنەکانی LED و کورسییە خەیاڵییەکان، ئەزموونی هاندەران بە تەواوی دەگۆڕدرێت و یاریگەکان دەبنە شوێنی کات بەسەربردن لە هەموو رۆژەکانی ساڵدا.
تەکنەلۆژیای هۆلۆگرام چییە؟
تەکنەلۆژیای هۆلۆگرام بریتییە لە دروستکردنی وێنەی سێ رەهەندی 3D لە رێگەی تیشکی لەیزەرەوە، بە جۆرێک هاندەر لە ناو یاریگەدا وا دەبینێت یاریزانەکە بەقەبارەی راستەقینەی خۆی لەبەردەمیدا وەستاوە و دەجووڵێتەوە، لە کاتێکدا ئەوە تەنیا وێنەیەکی تیشکییە و یاریزانەکە لەوێ ئامادە نییە. ئەم سیستمە رێگە دەدات دیمەنی گۆڵەکان و ساتە گرنگەکانی یارییەکە لە هەوادا و لە ناوەڕاستی یاریگەدا دووبارە بکرێنەوە، بێ ئەوەی هاندەر پێویستی بە بەکارهێنانی شاشە یان چاویلکەی تایبەت هەبێت، ئەمەش وادەکات هەر یاریگەیەک ئەم تەکنەلۆژیایەی هەبێت بتوانێت یارییەک بگوازێتەوە کە لە یاریگەیەکی دیکە راستەوخۆ هەبێت و لە یاریگەیەکی دیکە بەشێوەی هۆلۆگرام بگوازرێتەوە
تەکنەلۆژیای راستی دەستکرد Virtul Reality چییە؟
لەم مەبەستە ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ ئەوە کاردەکات کە هاندەر دەتوانێت لە ماڵی خۆیەوە بلیتێکی یاریگەکان بکڕێت و واهەست بکات لەنێو یاریگەیە و شوێنێک بۆ خۆی دەگرێت و سەیری یارییەکە دەکات، گرنگ نییە تۆ لە کوێ بیت دەتوانی سەیری یارییەکە بکەیت ئەگەر لە هەر شوێنێک بێت.
مانچێستەر یونایتد یەکێکە لەو یانانەی پلانی گەورەی هەیە، یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت یاریگەیەکی نوێ بە توانای 100 هەزار هاندەر دروست بکات، سێر جیم راتکلیف بەڵێنی داوە ئەم یاریگەیە ببێتە "مەزنترین یاریگەی جیهان" و بودجەی پڕۆژەکەش بە 2 ملیار پاوەند دەخەمڵێندرێت. لە لایەکی دیکەوە یانەی بێرمینگام سیتی پەردەی لەسەر دیزاینی یاریگەی "پاوەرهۆس" لادا، یاریگەیەکە بە 62000 کورسی و 12 دووکەڵکێشی بەرز کە گوزارشت لە مێژووی پیشەسازی شارەکە دەکات، بڕیارە تاوەکو ساڵی 2030 تەواو بێت.
ئەم گۆڕانکارییانە تەنیا لە ئینگلتەرا نین، بەڵکو یانەکانی بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان، میلان، ئینتەرمیلان و رۆماش لە نێو ئەو تیپانەن کە بیر لە دروستکردنی یاریگەی مۆدێرن و جیاواز دەکەنەوە. شارەزایانی تەکنەلۆژیا و ئەندازیاری دەڵێن یاریگەکان لە قۆناخی 1.0 و 2.0 تێپەڕیون و ئێستا جیهان دەچێتە ناو قۆناخی "یاریگەی 3.0". لەم قۆناخەدا یاریگە تەنیا بۆ 20 رۆژ لە ساڵدا بەکارنایەت، بەڵکو دەبێتە ناوەندێکی بازرگانی و هونەری کە 365 رۆژ سوودی لێ وەربگیرێت.
لە سعوودیە، کار بۆ دروستکردنی یاریگەی "محەممەد بن سەلمان" دەکرێت بۆ مۆندیالی 2034، ئەم یاریگەیە لەسەر لێواری شاخێکی بەرز دروست دەکرێت و دیوارێکی زەبەلاحی LED تێدایە، زەوییەکەی و سەقفەکەی دەکرێنەوە و دادەخرێن، شارەزایان دەڵێن "ئەمە دەبێتە پێشکەوتووترین یاریگە لە جیهاندا، دەکرێت لە یەک رۆژدا چەندین چالاکی جیاوازی تێدا ئەنجام بدرێت".
تەکنەلۆژیاکە تەنیا لە دیوار و سەقفدا ناوەستێت، بەڵکو باس لە کورسییە خەیاڵییەکان دەکرێت. لە داهاتوودا هاندەرێک دەتوانێت لە ماڵەوە بێت. بەڵام لە رێگەی تەکنەلۆژیای Virtual Reality کورسییەک لە یاریگە بکڕێت و وا هەست بکات لە تەنیشت هاوڕێکەی دانیشتووە. هەروەها دووبارە کردنەوەی یارییەکان و ناساندنی یاریزانەکان لە رێگەی هۆلۆگرامەوە دەبێت.
دان مێیس، یەکێک لە ئەندازیارە بەئەزمونەکانە، دەڵێت "هەموو ئەم تەکنەلۆژیایانە بۆ باشترکردنی داهاتی یانەکان و ئەزموونی هاندەرانە، بەڵام پێویستە پارێزگاری لەو هەستە بکرێت کە هاندەر لە ناو یاریگە هەیەتی، بینینی یاری لە نزیکەوە و هاوارکردن لەگەڵ خەڵک شتێکی کردارییە و نابێت رۆحی یارییەکە بەتەواوی ببێتە دیجیتاڵی".
یەکێکی دیکە لە ئاڵنگارییەکان قەبارەی یاریگەکانە، هەندێک لە پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی دروستکردنی یاریگەی زۆر گەورە هەمیشە سوودبەخش نییە. باشترین قەبارە بۆ یاریگە لە نێوان 50 بۆ 60 هەزار کورسییە، چونکە دروستکردنی 20 هەزار کورسی زیادە تێچوویەکی خەیاڵییە و پێویستی بە زیادکردنی هەموو خزمەتگوزارییەکان هەیە.
لە کۆتاییدا، داهاتووی یاریگەکان بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی خەڵک پێش یارییەکە و دوای یارییەکانیش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ