هەواڵێکی خۆش، بەڵام پڕ لە مەترسی گەیشتە بارسێلۆنا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا گاڤی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گاڤی گەڕایەوە مەشق و راهێنانەکانی بارسێلۆنا، بەڵام مەترسی وازهێنانی یەکجاریی  لەسەرە. 
 
گاڤی تەمەن 21 ساڵ، لە کۆتایی ئەو تونێلە نزیک دەبێتەوە کە دوای دوایین پێکانەکەی تێیکەوتبوو، بۆ ئەوەی دووبارە ژیان بە کاروانی وەرزشیی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا ببەخشێتەوە.
 
لە 23ـی مانگی 9ـی ساڵی رابردوودا، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنا نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجامدرا بۆ چاککردنەوەی پێکانێکی کڕکڕاگەی نێوەوەی ئەژنۆی راستی، کە تێیدا ناوچە زیانلێکەوتووەکە دوورایەوە بۆ پاراستنی کڕکڕاگەکە. لەو کاتەدا یانەکە ماوەی چاکبوونەوەی بە چوار بۆ پێنج مانگ خەمڵاندبوو.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردەوە، گاڤی رۆژی چوارشەممە وێنەیەکی لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە کە لەگەڵ پێدری، کە ئەویش پێکانی هەیە دەرکەوتووە و جلی مەشقیان لەبەردا بووە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی یاریزانەکە پێشکەوتنێکی بەرچاو لە چاکبوونەوەکەیدا بەدەست دەهێنێت.
 
لەو بارەیەوە، هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا و ستافی مەشق و راهێنانەکەی پێشبینی دەکەن گاڤی بەم زووانە پەیوەندی بە تیپی سەرەکییەوە بکاتەوە، ئەمەش هەنگاوێکە پێش وەرگرتنی مۆڵەتی پزیشکی کاتێک دەگاتە هەمان ئاستی توانای جەستەیی یاریزانانی تیپەکە و ئامادە دەبێت بۆ یاریکردن.
 
هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە، بەڵام بەپێی خشتەی یانەکە، چاوەڕوان دەکرێت گاڤی لە کۆتایی مانگی 2 گڵۆپی سەوزی لەلایەن پزیشکانەوە بۆی هەڵبکرێت. 
 
فلیک پەلە لە گەڕانەوەی ناکات، بەڵام ئەو پێنج مانگەی یانەکە خۆی ئاماژەی پێ کردبوو، لە 23ـی  ئەم مانگەدا کۆتایی دێت.
 
لە کاتی گەڕانەوەیدا، گاڤی چاودێری دەکرێت، بەڵام گومانی تێدا نییە کە لە قۆناخی یەکلاکەرەوەی وەرزەکەدا دەبێتە زیادکردنێکی گرنگ بۆ تیپەکە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان جەختیان کردووەتەوە کە بارسێلۆنا هۆشدارییەکی تووندی داوەتە یاریزانەکە، بەوەی کە هەر پاشەکشەیەک یان پێکانێکی نوێ بە واتای لادانی کڕکڕاگەی نێوەوەی ئەژنۆی دێت، ئەمەش دەرگا لەبەردەم ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی جومگەی داخوراو دەکاتەوە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی وازهێنانی پێشوەختە و کورتکردنەوەی تەمەنی وەرزشیی بۆ تەنیا 5 بۆ 6 ساڵی دیکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە