رووداوەکە لە 2019 بووە.. ئەوکاتەی پێرێز بە رامۆسی گوت دەرتدەکەم

05-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سێرخیۆ رامۆس فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سێرخیۆ رامۆس، یاریزانی پێشووی یانەی ریال مەدرید و بەرگریکاری ئێستای یانەی سێڤییا، لە کاتێکدا درێسێکی شاهانەی لەبەردابووە، لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی مێرێنگێ، تووشی دەمەقاڵێیەکی تووند بووە و دەرئەنجام دەرکردنی رامۆس بووە لە رایل مەدرید.
 
بەپێی تۆڕی ریلێڤۆی ئیسپانی، ئەم دەمەقاڵێیە پەیوەندی نێوان رامۆس و پێرێزی تێکداوە، هەروەها پێشەکییەک بوو بۆ ئەوەی کاپتنی پێشووی یانەی مێرێنگێ بەبێ بەرامبەر لە یانەکە بڕوات دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2021 کۆتاییهات.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019، کاتێک یانەی ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا لە یانەی ئایاکسی هۆڵەندی بردووەتەوە، و رامۆس کارتی زەردی وەرگرت، کە بەهۆیەوە لە یاریی گەڕانەوەدا بەشداری نەکرد، و دواتر ریال مەدرید دۆڕا، و ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد.
 
ریلێڤۆ روونیشیکردەوە، پێرێز وەک هەمیشە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، لە پلیکانەی سەرەکی یاریگاکە دابەزیوە بۆ ژووری جلگۆڕین، چاوەڕێی یاریزانەکانی کردووە و رەخنەی لێگرتوون لەسەر رەفتارەکانیان، کە پێرێز بە 'شەرمەزارکەر' ناویبردووە. ئەوکات تووندی دەمەقالێیەکە زیاتربووە و ئاڵوگۆڕی تووندی لێدوانیش روویداوە.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، ئێستا ئاشکرابووە کە رامۆس ئەوکات وەڵامی پێرێزی داوەتەوە و لەبەردەم تیپەکە و ئەندامانی ستافی تەکنیکی و تیمی پزیشکیدا، پەنجەی بۆ ئەو درێژکردووە و پێیگوتووە "پلاندانانەکە شەرمەزارکەر بوو".
 
لێرەدا فلۆرێنتینۆ پێرێز وەڵامی داوەتەوە و پێیگوتووە "دەرت دەکەم، رامۆسیش پێیگوتووە: نایابە، پارەم بدە و دەڕۆم، هەموو شتێکم بەخشی، و دەموچاوی خۆمم شکاندووە بۆ ئەم قەڵخانە و ئەم یانەیە و تەنانەت بۆ بۆ تۆش".
 
ریلێڤۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆیەکە لەو ساتەدا لە نێوان ئەو دووانەدا کۆتایی نەهاتووە وەک ئەوەی هیچ نەڕوودابێت، بەڵکو بووەتە هۆی ئەوەی سێرخیۆ رامۆس لە ساڵی 2021 لە دەرگا بچووکەکەوە لە ریال مەدرید بڕوات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە