رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا لە خولی ئیتاڵیا دەدرەوشێتەوە و چاوی زۆری لەسەرە، نیکۆ پاز، نایەوێت بگەرێتەوە ریال مەدرید و یانەیەکی نێوداری ئیتاڵیاش داوای دەکات.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی، نیکۆ پاز، ئەستێرەی لاوی یانەی کۆمۆ، دوای ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ یانەکە پێشکێشیدەکات، بووەتە یەکێک لە دیارترین ئەو یاریزانانەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا ناوی دەهێنرێ.
هەرچەند کاتێک یاریزانەکە لە 2024 پەیوەندیی بە کۆمۆوە کرد، بەندێک لە گرێبەستەکەیدا هەیە رێگە بە ریال مەدرید دەدات هەرکاتێک ویستی بتوانێت ئەو یاریزانە بکڕێتەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکە، ئەو یاریزانە نایەوێت بیر لە گەڕانەوە بۆ یانەی ریال مەدرید بکاتەوە.
ماوەیەکی زۆرە ناوی یاریزانەکە لەگەڵ ریال مەدرید دەهێنرێتەوە، لەکاتێکدا ئەو یاریزانە ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و یانەکە دەیەوێت کار بەو بڕگەیەی گرێبەستەکەی بکات و نیکۆ بگەڕێنێتەوە یانەکەی.
رۆژنامەی توتۆ سپۆرت زیاتر دەڵێت "یانەی ئینتەرمیلان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە تواناکانی ئەو یاریزانە و دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ واژۆبکات، بۆ ئەوەش یانەکە ئامادەیە 70 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی خەرج بکات."
نیرازۆری پێیوایە یاریزانەکە بەتەواوی لەگەڵ شێوازی یارییکردنی تیپەکە دەگونجێت و دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی یانەکە، جگە لەوەش یاریزانەکە لاریی نییە لەوەی لە ئیتاڵیا بمێنێتەوە، چونکە هەست بە ئارامی و پێشکەوتنی زۆر دەکات لە خولەکەدا.
دەکرێت ریال مەدرید بیر لە کڕینەوەی یاریزانەکە بکاتەوە، پاشان بیفرۆشێتەوە بە ئینتەرمیلان، لەکاتێکدا ئەو دەستەوارەیەی ئینتەرمیلان پێشکێشی دەکات رەنگە لە رووی داراییەوە سوودی بۆ یانەی شاهانە هەبێت.


نیکۆ پاز، تەمەنی 21 ساڵە، لە دیارترین یاریزانەکانی ئێستای خولی ئیتاڵیایە و ئەستێرەی یەکەمی کۆمۆیە، یاریزانەکە لە 26 یاریی خولەکەدا 9 گۆڵ و 6 ئاسیستی کردووە و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی چاوی زۆری لەسەر بێت.
گرێبەستی یاریزانە ئەرجەنتییەکە لە هاوینی ساڵی 2028 تەواو دەبێت، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا ئێستا دەگاتە 65 ملیۆن یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ