بارسێلۆنا بەدوای جێگرەوەی لیڤاندۆڤسکیدا دەگەڕێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن جولیان ئەلڤارێز لیڤاندۆڤسکیدا بارسێلۆنا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا کار بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێکی گرنگ دەکات بۆ هاوینی داهاتوو، ئەویش دۆزینەوەی هێرشبەرێکی سەرەکییە کە بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ خزمەت بە یانەکە بکات، لەبەرئەوەی چاوەڕوان دەکرێت رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیی پۆڵەندی دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە جێبهێڵێت.
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی تەمەن 37 ساڵ، هێرشبەرێکی کاریگەر بووە بۆ بارسێلۆنا لەوەتەی ساڵی 2022ـەوە لە یانەی بایرن میونشنەوە پەیوەندی پێوەکردوون، لە 179 یارییدا 115 گۆڵی تۆمارکردووە. ئێستا یانە کەتەلۆنییەکە چەند بژاردەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی کردووەتە ئامانج، بەڵام هەموو ئەمانە بەستراونەتەوە بە بارودۆخی دارایی یانەکە.
 
پلانەکە وایە لیڤاندۆڤسکی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بڕوات، هەرچەندە هێشتا بڕیار نەدراوە. بەرپرسانی یانەکە دەیانەوێت چاوەڕێی ئاستی یاریزانەکان بکەن تاوەکو کۆتایی وەرز. لیڤاندۆڤسکی لە مانگی 8 تەمەنی دەبێتە 38 ساڵ، بۆیە بارسێلۆنا بیر لە جێگرەوەیەکی گەنج دەکاتەوە. فێران تۆرێس یەکێک بوو لەو بژاردانەی هیوای لەسەر هەڵچنرابوو، بەڵام ئاستی ئەو یاریزانە لەم دواییانەدا وەک پێویست نەبووە و لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تەنیا یەک گۆڵی لە لالیگا تۆمارکردووە.
 
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە، ناوی جولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی لە پێشەنگی لیستی داواکارییەکانی داناوە. بەرپرسانی بارسێلۆنا پێیانوایە هێرشبەری ئاستبەرز لە بازاڕدا کەمە، بۆیە دەیانەوێت ئەلڤارێز بگوازنەوە. ئەوان پێیانوایە یاریزانە تەمەن 26 ساڵەکە ئارەزووی پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنای هەیە و چۆنیەتی یاریکردنی لەگەڵ فەلسەفەی بارسێلۆنا دەگونجێت. هەرچەندە ئاتلێتیکۆ مەدرید ناچار نییە بیفرۆشێت و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2030 بەردەوامە و نرخەکەشی لە نێوان 112 بۆ 130 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.
 
جگە لە ئەلڤارێز، ناوی ڤیکتۆر ئۆسێمین و عومەر مرمووش لە لیستی چاودێری یانەکەدان. لە ناوخۆی یانەکەشدا، پێیانوایە دانی ئۆڵمۆ دەتوانێت وەک هێرشبەری سەرەکی یاری بکات، هەرچەندە هانزی فلیک بەهۆی پێکانەکانەوە ناچار بووە لە هێڵی ناوەڕاست و باڵەکان بەکاریبهێنێت.
 
سەبارەت بە مارکوس راشفۆرد، بارسێلۆنا گفتوگۆی ئەرێنی لەگەڵ بەڕێوبەرەی کارەکانی کردووە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی لە خواستنەوە بکاتە هەمیشەیی. هانزی فلیک دەیەوێت 5 هێرشبەری لە تیپەکەدا هەبێت. بارسێلۆنا دەیەوێت بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ بە یانەی مانچێستەر یونایتد بدات، ئەویش بە سێ قیستی 10 ملیۆن یۆرۆیی لە ماوەی سێ ساڵدا.
 
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا لە 15ـی مانگی 3ـی 2025، هەندێک لە کارەکان سست و خاو دەکاتەوە. خوان لاپۆرتا بەربژێری سەرەکییە بۆ سەرکەوتن. ئەگەر ئەو بیباتەوە، دیکۆ لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە. لەڕووی داراییشەوە، یانەکە گەشبینە و فێران ئۆلیڤێ، گەنجینەداری یانەکە گوتوویەتی "تەنیا 12 ملیۆن یۆرۆمان ماوە بۆ گەیشتن بە یاسای (1:1) لە لالیگا و دەتوانین هێرشبەرێکی ئاستبەرز بکڕین". سەقف و سنووری مووچەی یانەکەش بە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 433 ملیۆن یۆرۆ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە