رووداو دیجیتاڵ
برای سامی خدیرە، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ریال مەدرید پێچەوانەی براکەی بڕیار دەدات و دەیەوێت یاری بۆ هەڵبژاردەی تونس بکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تونس بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، رانی خدیرە، برای سامی خدیرە، بڕیارییداوە نوێنەرایەتیی هەڵبژاردەی تونس بکات و بۆ وڵاتی باوکی یاریی بکات.
رانی تەمەنی 32 ساڵە، لە هێڵی ناوەڕاست یاریی دەکات، یاریزانی یانەی یونیەن بەرلینی ئەڵمانییە، لە شتوتگارت لە دایکبووە و لە هەڵبژاردە جیاوازەکانی ئەڵمانیا یارییکردووە، بەڵام بۆ هەڵبژاردەی یەکەم بانگهێشت نەکراوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تونس دەڵێت "فیفا رەزامەندیی داوە لەسەر گۆڕینی وڵاتینامەی وەرزشیی یاریزان رانی خدیرە."
رانی سەرەتای یارییکردنی لە تیپی لاوانی شتوتگارت بووە، پاشان بۆ تیپی دووەم و یەکەمی ئەو یانەیە یارییکردووە، ساڵی 2014 تاوەکو 2016 لە یانەی لایپزیگ بوو، دوای ئەوە لە 2017 تاوەکو 2021 یاریی بۆ ئوگسبۆرگ کردووە و ئێستاش یاریزانی یانەی یونیەن بەرلینە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، رانی خدیرە، لە تیپەکانی خوار 15 ساڵان، خوار 16 ساڵان، خوار 17 ساڵان و خوار 19 ساڵان یارییکردووە و لەمەودوا بۆ تونس یاریی دەکات.
رانی خدیرە لەکاتێکدا بڕیارییداوە یاریی بۆ هەڵبژاردەی تونس بکات، باوکی تونسییە و دایکی ئەڵمانییە، ئەو پێچەوانەی سامی خدیرەی برای کە یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکرد، بڕیارییداوە نوێنەرایەتیی وڵاتی باوکی بکات.
تونس بەشداری لە مۆندیالی 2026 دەکات و لە کۆمەڵەی شەشەم رووبەڕووی هۆڵەندا، ژاپۆن و هەڵبژاردەیەکی سەرکەوتووی ئەورووپا دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ