رووداو دیجیتاڵ
فیدریکۆ پاستۆریلۆ، بەڕێوەبەری کارەکانی مەهدی تاریمی، هێرشبەری ئێرانیی یانەی ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانی، باسی لە راستیی داواکاریی ئەو یاریزانە، بۆ پەیوەندیکردن بە سوپای وڵاتەکەیەوە کردووە، لەپێناو بەشداریکردن لە شەڕی دژ بە ئەمریکا - ئیسرائیل.
پێشتر رۆژنامەی 'توتۆ سپۆرت'ی ئیتاڵی وایدانابوو کە تارمی لە چەند رۆژی رابردوودا بڕیاری گەڕانەوەی داوە بۆ ئێران، لەپێناو چەکهەڵگرتن و چوونە پاڵ سوپای وڵاتەکەی، بۆ بەشداریکردن لە بەرگری، بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
شەممەی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل، دەستپێکردنی هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئێران راگەیاند، پاشئەوەی دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ رێکەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی و پڕۆگرامی مووشەکیی ئەو وڵاتە، بەبێئەنجام کۆتایی هات.
پاستۆریلۆ، لە ستۆریی، ئینستاگرامی خۆی، هەموو ئەو هەواڵانەی رەتکردووەتەوە کە باسیان لە ویستی گەڕانەوەی تاریمی بۆ ئێران کردووە.
پاستۆریلۆ دەڵێ، "لە چەند کاژێری رابردوودا، هەندێک لێدوان بەناوی تاریمیییەوە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام ئەو لێدوانانە هیچ بنەمایەکی راستییان نییە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەو یاریزانە بەتەواوی بیری لای کارەکەیەتی لە ئەسینا و بیر لە کاروانە پیشەگەرییەکەی خۆی دەکاتەوە، بە ویست و سووربوونی زۆرەوە لە مەشقکردن بەردەوامە".
دواتر دەڵێ، 'لەم دۆخە هەستیارەدا، زۆر گرنگە خۆمان لە لێدوانی نابەرپرسانە و ناڕاست بپارێزین، بەشێوەیەک دایبڕیژینەوە کە راست نین".
بەڕێوەبەرە ئیتاڵییەکە، زیاتر گوتوویەتی، "هەست بە متمانەی هەمووان دەکەین بۆ بەرپرسیارێتی و رێزگرتن".
تاریمی، هاوینی رابردوو لە ئینتەری ئیتاڵییەوە پەیوەندی بە ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانییەوە کرد بەبڕی 2،16 ملیۆن دۆلار.
ئەو هێرشبەرە ئێرانییە، تاوەکو ئێستا بەشداریی لە 31 یاریی یانەکەی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان کردووە و 16 گۆڵ و پێنج ئەسیستی هەیە و لەگەڵ یانەکەدا، نازناوی جامی سوپەری یۆنانی بەدەستهێناوە.
تاریمی، هاوینی رابردوو و بەرلەوەی روو لە ئۆڵۆمپیاکۆس بکات، نەیتوانی لەگەڵ ئینتەر بەشداریی لە مۆندیالی یانەکان بکات کە لە ئەمریکا بەڕێوەچوو، پاشئەوەی لە مانگی شەشدا و بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، نەیتوانی لە وڵاتەکەی بێتە دەرەوە، بەهۆی هێرشی فراوانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازیی و ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە و داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە، بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکان.
تاریمی یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی هەڵبژاردەی ئێران و لە 100 یاریی نێودەوڵەتیدا بەشداریی کردووە، لە نێویاندا شەش یاریی لە هەردوو مۆندیالی 2018ی رووسیا و 2022ی قەتەر.
ئەو هێرشبەرە تاوەکو ئێستا، 54 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکردووە و 24 ئەسیستی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ