رووداو دیجیتاڵ
ئەمجارە میدیاکانی فەرەنسا لەسەر شێوازی ریال مەدرید دەستییان کردووە بە هێرش کردنە سەر ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر ئارسیناڵ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ و دەڵێن "ناوبژیوانەکە تۆمەتبارە، چۆن یارییەکی ئەوەندە گەورەی پێدەدەن".
میدیاکانی فەرەنسا هێرشێکی تووندیان کردە سەر لیژنەی ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و فیلیکس زڤایێری ناوبژیوانی ئەڵمانی کە چوارشەممە یاریی یەکلاکەرەوەی پاریس سانجێرمان و ئارسیناڵ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەبات.
لەدوای راگەیاندنی فەرمی دەستنیشانکردنی زڤایێری تەمەن 43 ساڵ بۆ ناوبژیوانیکردنی لووتکەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لەنێوان پاریس سانجێرمان و ئارسیناڵ، هاندەرانی فەرەنسا و رۆژنامەکانی پاریس وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕیارەکەی لیژنەی ناوبژیوانان دەستییان کردووە بە رەخنەگرتن و هێرش کردنەوە سەر ئەو ناوبژیوانە.
فۆت مێرکاتۆ راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، ناوبژیوانی ئەڵمانی فیلیکس زڤایێر تۆمارێکی رەشی هەیە و هەر لە سەرەتاوە کاتێک لەساڵی 2004ـەوە دەستیپێکردووە گومانی لەسەرە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەکاتێکدا لیژنەی ناوبژیوانان بۆ یاریی هەردوو یانەی ئینتەرمیلان و بارسێلۆنا ناوبژیوانێکی جیهانی دیاری کردووه، که پێشتر ناوبژیوانی یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2022ـی نێوان ئەرجەنتین و فەرەنسا بووە، کە مارچینیاکی پۆڵەندی بووە، بۆ یاریی پاریس سانجێرمان و ئارسیناڵ ناوبژیوانێکی ئەڵمانی داناوە کە چەندین تۆمەتی لەسەرە و پێشتر سزای زیندانی بەسەریدا سەپێنراوە.
لای خۆیەوە لۆپاریسیان دانانی فیلیکس زڤایێری بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکی وا گرنگ و هەستیاری بەبڕیارێکی سەیر وەسف کردووە.
رۆژنامەی لۆپاریسیان بڵاویکردووەتەوە، فیلیکس زڤایێر لەساڵی 2004 لە سکانداڵێکی یەکلاکردنەوەی یارییەکانی خولی پلەدووی ئەڵمانیدا تێوەگلاوە، هەروەها لە ساڵی 2005 بەتۆمەتی گەندەڵی و بەرتیلدان سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبژیوانە ئەڵمانییەکە چەندین یاری لە پاڵەوانێتییەکانی ئەورووپادا ناوبژیوانی کردووە، لەنێویاندا چوار یاری لە یۆرۆی 2024، لەوانەش یاریی پێشکۆتایی نێوان ئینگلتەرا و هۆڵەندا.
سەبارەت بە پاریس سانجێرمان، فیلیکس زڤایێری دوو یاری ئەو یانەیەی بەڕێوەبردووە، دوا یاریش بەرامبەر ناپۆلی بوو لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی 2023.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ