پلانی نهێنیی هانزی فلیک بۆ راگرتنی ئینتەرمیلان

05-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بارسێلۆنا هانزی فلیک چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، پلانێکی لەناکاو و ناچاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئینتەرمیلان لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ جێبەجێدەکات، لە کاتێکدا تیپەکەی بەدەست پێکرانی بەرگریکەرانی باڵەوە دەناڵێنێت.
 
ئینتەرمیلان سبەی کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە لە یاریی گەڕانەوەدا، پاشئەوەی یاریی چوون بەیەکسانبوونی هەردوو یانە 3 - 3 گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە کاتێکدا پێشبینیدەکرا ئەلیخاندرۆ باڵدێ بۆ بەشداریکردن لە یارییەکەدا ئامادەبێت، لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بارسێلۆنا بۆ یارییەکە، دوورخستنەوەی هەریەکە لە باڵدێ و ژوول کوندێی بەخۆوەبینی.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، فلیک پەنای بردووەتە بەر پلانێکی ئاوارتەی ناچاری بۆ یارییەکەی ئینتەرمیلان کە بریتییە لە بەشداریکردنی هەر چوار یاریزانی دڵی بەرگری تیپەکە، لە یارییەکەدا.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، بەپێی پلانی ئاشکرابووی فلیک، ئەو راهێنەرە لە یارییەکەدا ئیریک گارسیا، ئینیگۆ مارتینێز، پاو کوبارسی و رۆناڵد ئاراوخۆ لە هێڵی پشتەوە بەشداری پێدەکات.
 
میدیاکان دەڵێن، یارییکردنی جیرارد مارتن بۆ ماوەی 90 خولەک لە یارییەکەی ڤایادۆلید، پلانی راهێنەری یانەکە بۆ یارییەکەی ئینتەرمیلان روونتردەکاتەوە و ئەو راهێنەرە بەنیازە جیا لە جێگیرکردنی ئەو یاریزانە لە باڵی بەرگریی چەپ، مارتینێز دەباتە باڵی راست و کوبارسی و ئاراوخۆ لە دڵی بەرگری دەبن.
 
فلیک بڕیاریداوە گارسیا لە باڵی راستدا یاریی پێبکات، ئەگەرچی ئەوە سەرکێشییە و لەوکاتەوەی راهێنەرە ئەڵمانییەکە هاتووە، چەندینجار شوێنی یارییکردنی ئەو یاریزانەی گۆڕیوە.
 
هەرچی دڵی بەرگرییە، پێشبینیکراوە فلیک پشت بەئاراوخۆ و کوبارسی ببەستێت لەو شوێنەدا، لەگەڵ دوورنەخستنەوەی یەکجاریی ئاندریاس کریستێنسن، لەبری ئاراوخۆ، بەتایبەت پاش ئاستی ئەو یاریزانە لە یارییەکەی ڤایادۆلید.
 
گومان لە بەشداریکردنی باڵدێ لە پێنجشەممەی رابردووەوە سەریهەڵدا، پێشبینیدەکرا ئەو یاریزانە بگەڕێتەوە مەشقە بەکۆمەڵەکانی یانەکە، بەڵام هەستکردنی بەئازار و نائامادەیی، وایکرد لە لیستی یانەکە بۆ یارییەکە دووربخرێتەوە و لە لیستی یانەکە بۆ یارییەکەی ڤایادۆلیدیش بەهەمان شێوە بوو.
 
میدیاکان دەڵێن، تیمی پزیشکیی بارسێلۆنا ئێستا هەموو توانای خۆی بۆ ئەوە تەرخانکردووە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بۆ یاریی کلاسیکۆی هەفتەی داهاتوو بەرامبەر ریال مەدرید ئامادە بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە