بارسا لە یاریگەی خۆیدا دۆڕا، فلیک چی گوت؟

02-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا پاریس سانجێرمان چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمان یاریی لووتکەی چامپیۆنزلیگی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی بارسێلۆنا بردەوە و دووەم بردنەوەی لەسەریەکی تۆمارکرد.
 
لە گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگدا هەردوو یانە لە مونتجویک رووبەڕووی یەکبوونەوە، یانە فەرەنسییەکە یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و دووەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
فێران تۆرێس گۆڵەکەی بارسێلۆنای تۆمارکرد، بەڵام سێنی مایولو ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا گۆنچالۆ رامۆس گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ پاریس سانجێرمان تۆمارکرد.
 
یانە فەرەنسییەکە لە دەرەوەی یاریگە خۆی سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا، یانە بە شەش خاڵ و بە هاوبەشی لەگەڵ بایرن میونشن، ریال مەدرید، ئینتەرمیلان، ئارسیناڵ و قەرەباخ رکابەری لەسەر پلەی یەکەم دەکات.
 
لە سەردەمی نوێی چامپیۆنزلیگدا یانەی پاریس سانجێرمان 6 یاریی لە بارسێلۆنا بردووەتەوە و دوای بایرن میونشن بە 10 یاری زۆرترین یاریی لە بلاوگرانا بردووەتەوە.
 
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە دوای یارییەکە قسەیکرد و گوتی "هەست بەبێئومدییەکی گەورە دەکەم، هەست بەبێهیوایی دەکەم، چونکە دەمانویست ئاستێکی باشتر پێشان بدەین، هەمووان، راهێنەران و هاندەرانیش بێئومێدن، ئەوەش سرووشتییە چونکە دۆڕاوین، ئەمە تۆپی پێیە و دەبێ قبووڵی بکەین و بەهێزتربین."
 
راهێنەری بلاوگرانا زیاتر دەڵێت "دەتوانین تێبینیی ئەوە بکەین کە ئێمە ئەمڕۆ هەمان ئاستمان نەبوو، بەڵام پێموایە من هێشتا متمانەم بەتیپەکە هەیە و ئەمجارە لە باشترینی خۆماندا نەبووین. ئێمە کاردەکەین بۆ گەیشتنەوە بەو ئاستەی پێشتر هەمانبوو، ئەمجارە دۆڕاین، بەڵام دەبێ بگەڕێینەوە، دەبێ کاربکەین و مەشق بکەین، هەر ئەوەش دەکەین."
 
دۆڕانی بارسا بەرامبەر پاریس سانجێرمان بووە یەکەم دۆڕانی یانەکە لەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە