بارسێلۆنا بۆ دوورکەوتنەوە لە ریال مەدرید پێویستە لە ریالێکی دیکە بباتەوە

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا لالیگا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا بەهێزتر بکات، کاتێک لە یارییەکی بەهێزدا بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد یاریی دەکات.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 20ـی لالیگادا، ئەمشەو کاژێر 23:00 یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد یاریی دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بەهێزتر بکات و پارێزگاری لە جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بکات، کە ئێستا بەشێوەیەکی کاتی جیاوازییەکەیان دوای بردنەوەی ریال مەدرید لە لیڤانتی بۆ یەک خاڵ کەمبووەتەوە.
 
بلاوگرانا لە دۆخێکی زۆرباشدایە دوای بردنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا و گەیشتنی بە قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا، تیپەکە لە دوایین 9 یاریی لالیگادا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و لە دوای کلاسیکۆی مانگی 10ـی ساڵی رابردووە هیچ یارییەکی لە خولەکەدا نەدۆڕاندووە.
 
بارسا لەم وەرزەدا 16 یاریی بردووەتەوە، جارێک یەکسانبووە و لە دوو یارییدا دۆڕاوە، ئێستا تیپەکە بە 49 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیایە.
 
ریال سۆسیداد لەم وەرزەدا تیپە بەهێزەکەی جاران نییە، تەنیا لە 5 یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 6 یاریی یەکسانبووە و 8 جار دۆڕاوە، ئێستا یانەکە لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 21 خاڵ و چوار خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە.
 
وەرزی رابردوو کاتێک بارسێلۆنا چووە یاریگەی ریال سۆسیداد، یارییەکەی دۆڕاند و سێ خاڵی لەدەستدا.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە