رووداو دێجیتاڵ
ئاران عەلی، یاریزانی کوردی یاریی کیک بۆکسینگە لە بەریتانیا، هەفتەی رابردوو لە پاڵەوانێتییەکدا لەو وڵاتە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
ئەو کوڕە خەڵکی پێنجوینە، بەشداری لە پاڵەوانێتی elite fighting championships کرد و رووبەڕووی لیۆن وۆڵی ئینگلیزی بووەوە و دوای پێنج گێم توانی یارییەکە بباتەوە و ببێتە پاڵەوان.
ئارانی 21 ساڵان لە کاتی چوونەژوورەوەی بەئاڵای کوردستان و وێنەی سەرکردەی کورد، قازی محەممەدەوە چووە سەر ستەیج، ئەو سەبارەت بەم کارەی دەڵێت "ئەم ئاڵایە و ئەم سەرکردەیە پاڵنەرێکی بەهێزی پاڵەوانبوونەکەمە، لەسەر ئاڵاکەم 2+2=1ـم کێشاوە، دوای ئەوەی میدالیای پاڵەوانبوونم وەرگرت، خەڵک لێیان دەپرسیم، واتای ئەمە چییە و منیش تێمگەیاندن کە ئەمە، واتای یەکپارچەیی هەرێمی کوردستانە".
ئاران لەبارەی پاڵەوانێتییەکەوە گوتی "ئەم پاڵەوانێتییە بەیەکێک لە گرنگترین پاڵەوانێتییەکانی بەریتانیا دادەنرێت، و پێنج یاریی بردەوە و لە دوایین یارییشدا رووبەڕووی لیۆن وۆڵی یاریزانی بەنێوبانگی ئەم وڵاتە بوومەوە، یارییەکی زۆر سەخت بوو، لەبەر ئەوەی رووبەڕووی یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی کیک بۆکسینگ بوومەوە".
ئاران، تەنیا سێ ساڵە لە وڵاتی بەریتانیایە و پێشتریش لە کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردەی کوردستان بەشداریی چەندین پاڵەوانێتی کردووە و خاوەنی چەندین میدالیای رەنگاوڕەنگە لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ