رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی گەیشتن بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و بردنەوەی دووەم نازناوی لەسەریەک، هەڵبژاردەی ئیسپانیا خۆی بۆ یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ ئامادەکردووە و بۆ رووبەڕوبووونەوەی فەرەنسا ئامادەیە.
هەڵبژاردەکە رۆژی چوارشەممە دوایین مەشق و راهێنانەکانی لە مەدرید ئەنجامدا و پاشان چووە شتوتگارتی ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی یاریی دووەمی قۆناخەکە بەرامبەر فەرەنسا ئەنجامبدات.
ئیسپانیا بەهەموو پێکهاتەکەیەوە ئامادەیە و دەیەوێت سوود لە ئاستبەرزەکەی ئەم وەرزەی لامین یامال وەربگرێت، بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە لە پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی نزیکببێتەوە و خۆی بگەیێنێتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
یارییەکە دووبارەکردنەوەی یاریی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆی رابردووە، کاتێک ئیسپانیا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر فەرەنسا بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی و پاشانیش بووە پاڵەوان.
سەرجەم یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی لارۆخا بۆ یارییەکە ئامادەن و تیپەکە بە ورەیەکی بەرزەوە دەیەوێت رووبەڕووی هەڵبژاردەی فەرەنسا ببێتەوە، سەرەڕای ئەوەی دەزانێت ئەرکیان لە یارییەکەدا ئاسان نییە.
ئیسپانیا بەرامبەر فەرەنسا 37 یارییکردووە، لە 17 یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و مێژووی یارییەکانیان لە بەرژەوەندی لارۆخایە.
ماتادۆر 20 یارییە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و ئەمشەو دەیەوێت پارێزگاری لەو ئەنجامە باشانەی بکات و خۆی بگەیێنێتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
بەسەرکردایەتیی کیلیان ئێمباپێ و پشتبەستن بە ئاستە بەرزەکەی عوسمان دێمبێلێ و دێزری دۆوێ، هەڵبژاردەی فەرەنسا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوە بەهێزەکەی نەیشنسلیگ ئامادەکردووە و تیپەکە لە لووتکەی ئامادەکارییەکانیدایە بۆ یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر ئیسپانیا.
فەرەنسا رۆژی چوارشەممە دوایین ئامادەکارییەکانی لە ئەڵمانیا بۆ یارییەکە ئەنجامدا و سەرجەم یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ یارییەکە ئامادەن و دیدێ دیشامپ بژاردەی زۆری هەن بۆ ئەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی و یەدەگدا پشتیان پێببەستێت.
کیلیان ئێمباپێ گۆڵکاری ئەم وەرزەی لالیگا و خولە گەورەکانی ئەورووپا دەیەوێت سەرکردایەتیی تیپەکە بکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە فەرەنسا بباتە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ.
یاریی نێوان هەردوو دووبارەکردنەوەی یاریی کۆتایی نەیشنسلیگی ساڵی 2021ـە، کاتێک فەرەنسا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یەکەم نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە، هەردوو تیپ پێشتر نازناوەکەیان بردووەتەوە و دەیانەوێت هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی دووەم نازناویان نزیکببنەوە.
ئەم یارییە بۆ عوسمان دێمبێلێ، دێزری دۆوێ، لوکاس هێرناندێز، برادلی بارکۆلا و زایر ئێمری تایبەتە، لەکاتێکدا دوای چوار رۆژ جارێکی دیکە دەچنەوە ئەڵمانیا و دەیانەوێت دوای بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ لە ئالیانز ئارێنا، ئەمشەو لە شتوتگارت ئاهەنگ بۆ گەیشتن بە یارییەکی دیکەی کۆتایی بگێڕن.
یارییەکە کاژێر 22:00 لە یاریگەی شتوتگارت بەڕێوەدەچێت، براوەی نێوان هەردوولا لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ