ئەلۆنسۆ بۆ دوو لە یاریزانەکانی: ئێوە ئێمەتان بەدۆڕان دا

05-11-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ کاماڤینگا دین هاوسن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای یاریی ریال مەدرید و لیڤەرپوول، چابی ئەلۆنسۆ گلەیی لە دوو لە یاریزانەکانی کردووە و بە هۆکاری خراپی تیپەکەیانی زانیون و پێیگوتوون پێویستە جارێکی دیکە بەو شێوە خراپە یاری نەکەنەوە.
 
ئەگەرچی ئەلۆنسۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، رایگەیاند کە رەخنەی لە یاریزانەکانی نییە و ناکرێت سەرزەنشتییان بکات، چونکە هەموو هەوڵێکیان داوە، بەڵام لە راستیدا کە گەڕاوەتەوە نێو یاریزانەکانی لە ژووری جلگۆڕیندا گلەیی تووندی لە یاریزانەکانی کردووە بەتایبەتیش دین هاوسن و کاماڤینگا.
 
سەرچاوەیەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، ئاشکرایانکردووە کە چابی ئەلۆنسۆ لەبەرچاوی هەموو یاریزانەکانی رەخنەی تووندی لە ئاستی هەردوو یاریزانی تیپەکەی دین هاوسن و کاماڤینگا گرتووە. 
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئەلۆنسۆ بە هاوسنی گوتووە "تۆ لە دڵی بەرگریدا زۆر لاواز دەرکەوتی لە بەرامبەر هێرشە مەترسیدارەکانی لیڤەرپوول، ئەمەش رێگەی بە یانە ئینگلیزییەکە دا کە گوشارێکی زۆر بخەنە سەر گۆڵی کۆرتوا بەدرێژایی یارییەکە". 
 
لە لایەکی دیکەوە کاماڤینگاش لە بازنەی رەخنەکانی ئەلۆنسۆدا بوو دوای ئاستە لاوازەکەی لە هێڵی ناوەڕاستدا، چونکە زۆر دووربوو لە ئاستی ئاسایی خۆی لە راگرتنی هێرشەکانی لیڤەرپوول و نەیتوانی هەل بۆ هاوڕێکانی دروست بکات. کە بەهۆیەوە ئەلۆنسۆ بڕیاری دا لە گێمی دووەمدا بیگۆڕێت دوای ئەوەی دڵنیابوو لە کاریگەرییە لاوازەکەی لەسەر یارییەکە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "ئەلۆنسۆ بە کاماڤینگای گوتووە، قبوڵ ناکرێت تۆ و هاوسن بەم ئاستەوە یاری بکەن".
 
ئەم بردنەوەیەی بۆ لیڤەرپوول هەنگاوێکی گرنگە لە پێشڕەوییەکانی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، لبەڵام ئاماژەیەکی خراپ بوو بۆ ریال مەدرید، کە ئەگەر تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێز نەبووایە لەوانەیە بە ئەنجامێکی گەورە تووشی شکست ببوونایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە