رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید و بەهێزترین بەربژێر بۆ شوێنگرتنەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری یانەکە، کە بەپێی هەموو پێشبینییەکان لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە ریال مەدرید دەڕوات، داوای لە سەرۆکی یانەی شاهانە کردووە هەر دەستەوارەیەک بۆ فرۆشتنی ئاردا گولەری یاریزانی تورک رەتبکاتەوە، گرنگ نییە نرخی دەستەوارەکە هەرچەندێک بێت.
ئێستا ریال مەدرید یەکێک لە سترێسترین ساتەکانی ئەم وەرزە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش دوای دەرچوونە بەئازارەکەی لە چامپیۆنزلیگ، کە کاریگەرییەکی دەروونی قوڵی لەسەر یاریزانان و ستافی راهێنەرایەتی هەبووە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، لە پشت پەردەوە گفتوگۆی گەورە لەنێو ماڵی شاهانەدا سەبارەت بە قۆناخی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و ناوی چابی ئەلۆنسۆ وەک بەربژێرێکی بەهێز بۆ راهێنەرایەتی ریال مەدرید دەردەکەوێت، کە لە وەرزی داهاتوودا دەستپێدەکات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە راهێنەرە لاوەکە، کە بایەرلیڤەرکوزنی بردە وەرزێکی ناوازە لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەڵمانیا و ئەورووپا، متمانەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی مێرینگێی بەدەستهێناوە و گفتوگۆی نهێنی لەنێوان هەردوولادا دەستیپێکردووە.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم گفتوگۆیانە بارودۆخی یاریزانی لاوی تورکی ئاردا گولەر بووە، کە لەم وەرزەدا متمانەی کارلۆ ئەنچێلۆتی بەدەست نەهێنا و کاتی یاریکردنی پێویستی پێنەدرا.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "چابی ئەلۆنسۆ کە توانایەکی ناوازەی بۆ پەرەپێدانی بەهرەمەندە گەنجەکان لە یانەی لیڤەرکوزن نیشانداوە، پێیوایە گولەر توانایەکی بەرچاوی لە ریال مەدریددا هەیە کە بەکارنەهێنراوە و لەژێر سەرکردایەتی ئەودا رۆڵێکی سەرەکی لە پڕۆژەی تیپەکەدا دەگێڕێت".
ئەم هەنگاوە هەواڵێکی خۆشە بۆ گولەر کە لەم دواییانەدا خواستی بەهێزی خۆی بۆ سەرکەوتن لە ریال مەدرید دەربڕی. لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی مارکا، ئەو یاریزانە لاوە رایگەیاندووە "دەمەوێت لە هەموو یارییەکدا یاری بکەم و یارمەتی تیپەکەم بدەم بۆ بەدەستهێنانی هەموو نازناوێک، ریال مەدرید پلانێکی روونی پێداوم، و باوەڕم بەتەواوی پێی هەیە، من خانوویەکم لە مەدرید کڕیوە، هەموو رۆژێک زۆر کاردەکەم، دڵنیام لێرە سەرکەوتوو دەبم".

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ