رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هۆکاری پشتگوێخستنی ئیسکۆ لە لایەن کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری یانەی شاهانەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئۆبال لە ئەستۆی ئیسکۆیە نەک ئەنچیلۆتی".
ئەگەرچی سەرەتا لەگەڵ رۆیشتنی زینەدین زیدان لە پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید و گەڕانەوەی کارلۆ ئەنچیلۆتی بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو، هیوای بە ئیسکۆ بەخشی کە شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەی ریال مەدریددا بەدەستبێنێتەوە، یانیش لانیکەم ژمارەی خولەکەکانی یاریکردنی زیاتربێت، بەڵام ئەوە رووینەدا، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو بە هاتنی ئەنچیلۆتی ئیسکۆ بە تەواوی پشتگوێخرا.
ئیسکۆ لەبەرئەوەی یاریزانێکی بەتوانایە و چەندین یانە پێشتر داوای گرێبەستیان لێدەکرد، ئێستا ئەو پرسیارە زۆر دووبارە دەکرێتەوە کە بۆچی ئیسکۆ پشتگوێخراوە؟.
ئەو سەرچاوەیەی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، دەڵێت "هۆکارەکەی خودی ئیسکۆیە، هیچ پەیوەندی بە راهێنەرەوە نییە، چونکە ئەنچیلۆتی متمانەی بە تواناکانی ئیسکۆیە، بەڵام لەبەرئەوەی یاریزانێکی پابەند نییە، ئەنچیلۆتی بڕیاری سزادانی داوە".
ئەو سەرچاوەیە زیاتر دەڵێت "ئیسکۆ بە رەفتارە نابەجێکانی چەندینجار ئەنچیلۆتی بێزار و تووڕە کردووە، چونکە چەندینجار پێیگوتووە خۆت ئامادە بکە بۆ چوونە نێو یاریگە، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو بە قسەی بکات و هەموو جارێ بڕیاریداوە بەشداری لە یارییدا نەکات و هەر لەسەر کورسی یەدەگ بمێنێتەوە".
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت "ئەنچیلۆتی بڕیاریداوە ئیسکۆ سزابدات و بە تەواوی پشتگوێی بخات".
هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە ئیسکۆ بڕیاریداوە لە ریال مەدرید بڕوات، ئەنچیلۆتی و بەرپرسانی یانەکەش رێگە لە رۆیشتنی ناگرن و ئامادە دەبن بیفرۆشن بە هەر یانەیەک کە دەستەوارەی پێشکەش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ