رووداو دیجیتاڵ
هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید گەیشتنە قۆناخی شازدەی جامی شای ئیسپانیا، دوای ئەوەی لە یانەکانی لینارێس و ئەلکۆیانۆیان بردەوە.
بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی لینارێس یارییکرد، خاوەن یاریگە سەرەتا لە رێگەی هوگۆ دیازەوە تیپەکەی چاڤیی خستە بارودۆخێکی خراپەوە دوای ئەوەی گۆڵێکی لە یانەکە کرد، نیوەی یەکەم لە بەرژوەندی یانەی لینارێس کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا چاڤی، دێمبێلی، پیکێ و فرێنکی دییۆنگی بەیەکەوە هێنایە نێو یاریگە و گۆڕانکارییەکانی بوونە هۆکاری گۆڕینی ئەنجامەکە، کاتێک عوسمان دێمبێلی بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، پاشان فێران جوتلا گۆڵی دووەم و بردنەوەی تۆمارکرد و بارسێلۆنا گەیشتە قۆناخی شازدە.
لە یارییەکەدا دانی ئەلڤێش دوای 4893 رۆژ جارێکی دیکە بەدرێسی بارسێلۆنا یارییکردەوە، ئەمە یەکەم یاریی فەرمی یاریزانەکە بوو دوای گەڕانەوەی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە.
لە یارییەکەدا بەهۆی پێکانەوە گۆڕانکاری بە رۆناڵد ئاراوخۆ و فرێنکی دییۆنگ کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە کە ئەو دوو یاریزانە چەند لە یاریگەکان دووردەکەونەوە.
دوای یارییەکە ئەلڤێش گوتی " نەدەکرا لە یاریی یەکەمدا بدۆڕێم، دەبێت بزانین چۆن دەیبەینەوە، پێویستە هەمیشە بجەنگین بۆ بردنەوە و هەوڵ بۆ باشتربوون بدەین."
لە یارییەکی دیکەدا یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی دیپۆرتیڤۆ ئەلکۆیانۆی بردەوە و گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
سەرەتا ئیدێر میلیتاو گۆڵێکی بۆ ریال مەدرید لە خولەکی 39 تۆمارکرد، پاشان دانیێل ڤیگا ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، دوای ئەوە مارکۆ ئاسێنسیۆ و ئیسکۆ یەکەو گۆڵێکی دیکەیان بۆ ریال مەدرید زیادکرد و یانەی شاهانە بە 3-1 یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی 16.
لە یارییەکەدا دوای 982 رۆژ جارێکی دیکە بەدرێسی ریال مەدریدەوە دەرکەوتەوە، لەکاتێکدا لە 28ـی نیسانی 2019ـەوە هیچ یارییەکی بۆ ئەو یانەیە نەکردبوو، لە یارییەکەدا ئاستێکی بەرزیشی پێشکێشکرد و 100٪ پاسەکانی دروستبوون.
کارلۆ ئەنچێلۆتی یەکەمجار بوو بەرامبەر ئەلکۆیانۆ یاری بکات، دوای بردنەوەی یارییەکە گوتی " یاریزانانی ئەلکۆیانۆ بەشێوەیەکی زۆرباش خۆیان لەگەڵ یارییەکە گونجاند و لەسەر ئاستی تاک یاریزانی زۆر بەتوانان، لەکاتێکدا تەنیا یەک یاری دەکەیت و هەلێکی دیکەت لەبەردەمدا نییە، بۆیە ئەم یارییە پێویست بوو ببەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ