رووداو دیجیتال
عیماد محەممەد، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عێراق، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، دوای یارییەکانی جامی ئاسیا بۆ خوار 23 ساڵ لە سعودیە، دەستلەکاردەکێشێتەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە شاندی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عێراق، بۆ بەشداریکردن لە جامی ئاسیا بۆ خوار 23 ساڵ بەرەو شاری ریازی سعودیە بەڕێکەوت، لەگەڵ گەیشتنی شاندی هەڵبژاردەکە بۆ شوێنی حەوانەوە، راهێنەری هەڵبژاردەکە هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کرد.
عیماد محەممەدی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەکە و براوەی نازناوی جامی ئاسیای 2007 لەگەڵ هەڵبژاردەکە، دەڵێت "لەبەرئەوەی عێراق لە هەموو شتێک گەورەتر و گرنگترە، هەروەها لەبەرئەوەی وڵاتی قوربانیدانە، ئەو ئەرک و ئاڵنگارییەم قبووڵ کرد بۆ ئەوەی تۆمەتبار نەکرێم بە خیانەت، هەروەها لەبەرئەوەی عێراقە، ئێمە ئاڵنگارییەکەمان قبوڵ کرد".
پێشتر ئەو راهێنەرە سەرپەرشتی هەڵبژاردەی لاوانی عێراقی دەکرد، ئەنجامێکی باشی هەبووە. تیپەکەی لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە کۆتاییەکانی جامی ئاسیا لە مالیزیا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد.
عیماد محەممەد دەڵێ، "بەهۆی دەستوەردانەکانی ئەم دواییە لە کارەکانمدا، دەستبەجێ دوای پاڵەوانێتییەکە دەستلەکارکێشانەوەم ئامادەیە".
هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق لە کۆمەڵەی چوارەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی چین، تایلەند و ئوسترالیا، یاریی دەکات.
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق هەریەک لە سیداد حاجی و یوسف ئیمام دوو ئەستێرەی کوردن، مستەفا قابیل گۆڵکاری لاوی یانەی هەولێر بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کرابوو، بەڵام هەولێر ئامادەنەبوو دەستبەرداری ئەو یاریزانە بێت بەهۆی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
شێواوییەکی زۆر لە کارەکانی کۆکردنەوەی یاریزانان و کارگێری هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق بیندرا، بەشێوەیەک یانەکانی عێراق ئامادەنەبوون دەستبەرداری یاریزانەکانیان بن، بەڵام عەقیل مفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق فشارێکی زۆری خستە سەر یانەکان بەتایبەت یانەی زەورا کە چوار یاریزانی لە ریزی هەڵبژاردەکەن و بە زۆر یاریزانەکانی گەشتیان لەگەڵ هەڵبژاردەکە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ