رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، واشنتنی پایتەختی ئەمریکا شایەتی رووداوێکی بێوێنە بوو کە سەرنجی هەموو جیهانی بۆ خۆی راکێشا، ئەویش کاتێک لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ یاریزانانی ئینتەرمەیامی چوونە نێو کۆشکی سپی.
ئەم دیدارە مێژووییە کۆتایی بە ساڵانێک لە پێشبینیکردن هێنا سەبارەت بە هەڵوێستی مێسی بەرامبەر چالاکییە سیاسییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی کە ئەو یاریزانە پێشتر لە رێوڕەسم رێزلێنانەکانی سەردەمی بایدن بەشداری نەکردبوو.
دەرکەوتنی مێسی لە تەنیشت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم ئاهەنگەدا تەنیا پرۆتۆکۆڵێکی وەرزشیی ئاسایی نەبوو، بەڵکو چەندین ئاماژەی قووڵی لەخۆگرتبوو، دەربارەی کاتی سەردانەکە و ناسنامەی میواندارەکە و ئەو پاڵنەرە راستەقینەیەی وای لە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە کرد ئەم هەنگاوە بنێتە نێو کۆشکی سپییەوە بۆ یەکەمجار لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا لەسەر خاکی ئەمریکا.
دەنگی سەردانە گەورەکان و کاریگەریی رۆناڵدۆ
رۆیشتنی مێسی بۆ کۆشکی سپی وەک ئەو دەنگدانەوە میدیاییە گەورەیەی کە سەردانەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی رکابەری لە کاتەکانی پێشوودا دروستیان کردبوو، دیدارەکانی رۆناڵدۆ لەگەڵ سەرکردەکان پێوەرێکی نوێی دانا، بەجۆرێک ئەو بۆنانە بوونە 'ترێند'ـێکی جیهانی کە سنووری وەرزشیان بەزاند.
مێسی کە هەمیشە سوورە لەسەر ئەوەی لە ناو جەرگەی رووداوە گەورەکاندا بێت، درکی بەوە کرد کە ئامادەبوونی لە کۆشکی سپی، رەهەندێکی دیکە لە شکۆ و ناوبانگی میدیایی دەبەخشێتە کاروانی وەرزشی لە خولی ئەمریکی.
ئەو کێبڕکێیە شاراوەیەی نێوان هەردوو جەمسەرەکەی تۆپی پێی جیهان لە بردنەوەی سەرنجەکان لە دەرەوەی یاریگا، هەروەها رۆڵێکی هەبوو لەوەی ئەم سەردانە گرنگییەکی زۆر وەربگرێت، بەتایبەت کە هاندەران هەمیشە بەراورد دەکات لەنێوان ئەو پێشوازییە گەرمەی کە هەر ئەستێرەیەک لە ناوەندە نێودەوڵەتی و فەرمییەکاندا لێی دەکرێت.
کەسایەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە ئەنجامدانی ئەم دیدارەدا، چونکە ترەمپ بەوە ناسراوە کە توانایەکی زۆری هەیە لە بەڕێوەبردنی سەرنجی میدیاکان و راکێشانی ئەستێرەکان لە بوارە جیاوازەکانەوە.
ئەو هێزەی ترەمپ هەیەتی لەگەڵ ئەو کارلێکە راستەوخۆیەی بەرامبەر ئەفسانە وەرزشییەکان پێشانی دەدات، ژینگەیەکی هاندەری بۆ مێسی و یانەی ئینتەرمەیامی رەخساند بۆ قبوڵکردنی بانگهێشتەکە.
لە بەرامبەردا، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی پێشوو جۆ بایدن بە جۆرێک لە فەرمییەتی بێدەنگ ناسرابوو کە لەوانەیە هانی مێسی نەدابێت بۆ شکاندنی گۆشەگیرییە سیاسییەکەی لەو کاتەدا.
ئەو هاوئاهەنگییەی لە نێوان مێسی و ترەمپدا لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنی گوتەکاندا دەرکەوت، رەنگدانەوەی ئارەزوویەکی هاوبەش بوو بۆ پێشاندانی هێز و سەرکەوتن، چونکە مێسی هەمیشە پێی باشە لەو سەکۆیانەدا ئامادە بێت کە خاوەنی کاریگەرییەکی سیاسی و میدیایی بن و لەگەڵ پێگەی ئەودا وەک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی مێژوو بگونجێت.
گرنگترین و کاریگەرترین هۆکار بۆ قبوڵکردنی ئەم بانگهێشتەی ئێستا لەلایەن مێسییەوە، بوونی دەستکەوتێکی وەرزشی بەرجەستەیە کە ئەویش بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئەمریکییە.
مێسی هەمیشە رەتی دەکاتەوە سەردانەکانی لەسەر بنەمای تەنیا پێشوازیی کەسی یان رێزلێنانی تاکەکەسی بن کە پاڵپشت نەبن بە هەوڵێکی بەکۆمەڵ.
کاتێک پێشتر بانگهێشتێکی لە ئیدارەی بایدنەوە پێگەیشت بۆ وەرگرتنی 'مەدالیای ئازادیی سەرۆکایەتی'، بابەتەکە زیاتر لایەنی رێزلێنانی تاکەکەسی پێوە دیار بوو، ئەمەش وای لێکرد لەو کاتەدا داوای لێبووردن بکات و نەچێت، بەڵام ئەمڕۆ، ئەم سەردانە بۆ پیرۆزباییکردنە لە پاڵەوانێتییەکی راستەقینە کە لەگەڵ هاوڕێکانی لە ئینتەرمەیامی بەدەستی هێناوە، بوونی جامەکە لەسەر مێزی کۆشکی سپی، گەشتەکەی گۆڕی بۆ ئەرکێکی فەرمی کە تاجی خستە سەر هەوڵی وەرزێکی تەواو لە کۆشش کردن، ئەمەش ئەو شتەیە مێسی لە کاروانی وەرزشیدا زۆر بە پیرۆزی دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ