رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، رایگەیاند قۆناخی دوووەمی پرۆسەی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر دەستیپێکردووە و تاوەکو 28ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
هاندەران دەتوانن داواکاری بۆ بەدەستهێنانی بلیتی یارییەکان پێشکێش بکەن، تەنانەت دەرفەتی ئەوەیان لەپێشە لە رۆژێکدا بلیتی دوو یاری بکڕن.
دوێنێ 5ـی نیسان، قۆناخی دووەمی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر دەستیپێکرد، کە هەر کەسێک بیەوێت، دەتوانێت لە رێگەی ئەم ناونیشانەوە FIFA.com/tickets بلیت بکڕێت.
دەبێتە جاری یەکەم لە مێژووی مۆندیالدا هاندەران بتوانن لە رۆژێکدا بلیتی دوو یاریگە بکڕن و لە رۆژێکدا دوو یاری ببینن، کە ئەمەش بۆ نزیکی یاریگەکانی مۆندیال لە یەکدی دەگەڕێتەوە.
فیفا بلیتی تایبەتی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابین کردووە و لەنێو یاریگەکانیشدا هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاندەرانە دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی ئامادەی بینینی یارییەکان ببن.
پێشتر یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە کە لە قۆناخی یەکەمی فرۆشتنی بلیتەکانی مۆندیالدا، زیاتر لە 800 هەزار بلیتی فرۆشتووە، کە ئەمە رێژەییەکی پێوانەییە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فیفا، لە قۆناخی یەکەمی فرۆشتنی بلیتەکانی مۆندیالدا 10 وڵات لە ریزی پێشەوەی زۆرترین کڕیارانی بلیتی مۆندیال بوون، واتا هاندەرانیان زۆرترین بلیتی چوونە نێو یاریگەکانیان کڕیوە، کە بریتین لە قەتەر، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئینگلتەرا، مەکسیک، ئیمارات، ئەڵمانیا،هیندستان، بەرازیل، ئەرجەنتین و سعودیە.
وەک فیفا ئاماژەی بۆ کردووە، یاریی کردنەوە و یاریی کۆتایی، لەگەڵ یارییەکانی قۆناخەکانی یەکلاکەرەوە زۆرترین رەواجیان هەبووە و زۆرترین خواستیان لەسەربووە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاندەران بلیتی یارییەکانی هەڵبژاردە دڵخوازەکانیان بەکۆمەڵ کڕیوە، هەندێکیش بلیتی هەموو ئەو یارییانەیان کڕیوە کە لە یاریگەیەکی دیاریکراودا یان لە چەند یاریگەیەکدا بەڕێوەدەچن.
پێشبینی دەکرێت لەم قۆناخەشدا ژمارەیەکی زۆر بلیت بفرۆشرێت، چونکە خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی تیروپشکی مۆندیالیان دەکرد، کە هەفتەی رابردوو لە دەوحە ئەنجامدرا، بۆ ئەوەی بزانن کە هەڵبژاردە دڵخوازەکانیان کەی و لە کام یاریگە یاری دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ