لێدوانی بەر لە یاریی.. باستۆنی و ئۆڵمۆ گەشبینن بە تیپەکانیان

06-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەلیساندرۆ باستۆنی دانی ئۆڵمۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ یارییە ئاگرینەکە لە میلانۆ بەڕێوەدەچێت و دوو بەهێزترین یانەی ئێستای ئەورووپا شەڕ لەسەر بلیتێکی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکەن. باستۆنی و ئۆڵمۆ یاریزانانی ئینتەرمیلان و بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا نیشانیان دا کە گەشبینن بە تیپەکانیان.
 
لە یاریی چووندا ئینتەرمیلان لەنێو بارسێلۆنا ئەنجامێکی باشی بەدەستهێنا و 3-3 لەگەڵیدا یەکسان بوو، بۆیە دەرفەتی ئەوەی لەپێشە ئەمڕۆ لەنێو یاریگای خۆیدا هەردوو چەکی خاک و هاندەر بەکاربهێنێت بۆ بردنەوە لە بارسێلۆنا و گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کە ماوەیەکی دوور و درێژە ئیتاڵییەکان ئەو جامەیان بەررز نەکردووەتەوە.
 
بارسێلۆناش هەمان ئامانجی هەیە و دە ساڵە نەیتوانیوە ئەو جامە بەرزبکاتەوە، بۆیە نایەوێت ئەو هەلە لەدەستبدات و هەوڵدەدات قەرەبووی یارییە خراپەکەی نێو یاریگای خۆی بکاتەوە و لە میلانۆوە بلیتی رۆیشتن بەرەو ئالیانز ئارێنا بەدەستبهێنێت
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، ئەلیساندرۆ باستۆنی، بەرگریکاری یانەی ئینتەرمیلان و دانی ئۆلمۆ، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە پوختەی قسەکانیان بەمشێوەیە بوو:
 
ئەلیساندرۆ باستۆنی، بەرگریکاری یانەی ئینتەرمیلان:
 
سەبارەت بەوەی دەتوانین لە بارسێلۆنا ببەینەوە؟ بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. مەبەستم ئەوەیە بەئەگەرێکی زۆرەوە ئێمە دوو یاری دوورین لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ. بۆیە بەدڵنیاییەوە زیاتر لە 110٪ خۆمان پێشکەش دەکەین، لەسەدا 200ـی خۆمان پێشکەش دەکەین، چونکە ئێمە وەک گرووپێک، ستافی تەکنیکی، بەڕێوەبەرایەتی یانەکە، هەموومان دەزانین کە یاریکردن لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ مانای چییە. ئەمە شتێک نییە هەموو ساڵێک رووبدات تەنانەت ئەگەر پێشبینیکراویش بێت. ئێمە بەڕاستی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی یاریکردنی ئەم یارییەین، ئێمە پەرۆشییەکی زۆرمان هەیە و باوەڕێکی زۆرمان هەیە، ناتوانین چاوەڕێی هاتنی کاتی یارییەکە بکەین.
 
ئێمە شانازی بە کاروانی ئەمساڵمانەوە دەکەین و بەوەی لەسەرەتای وەرزەوە پێشکەشمان کردووە. ئێمە بەڕاستی یارییەکی زۆر دەکەین. بەڕاستی دەمانەوێت کاریگەرییەکی باشمان هەبێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەوانە دڵخۆش بکەین کە پشتگیریمان دەکەن و قوربانیمان بۆ دەدەن.
 
دانی ئۆلمۆ، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا:
 
لە راستیدا ئەم یارییە یارییەکی چارەنووسسازە، یارییەکە لەوپەڕی جۆشوخرۆشی دایە، وەک ئەوەی دەڵێن، ئەمە یاریی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگە و گەیشتن بە یاریی کۆتایی لەمەترسیدایە، بۆیە بەڕاستی ئێمە زۆر تامەزرۆین بۆ یارییەکە و ئامادەکارییەکی باشمان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە.
 
سەبارەت بەوەی دوو یاریی گرنگمان بەرامبەر ئینتەرمیلان و ریال مەدرید هەیە، ئێمە دەزانین کە هەفتەیەکی گرنگمان لەپێشە، دیارە کە ئەمجارە یارییەکمان هەیە کە دەکرێت بمانگەینێتە یارییەکی دیکەی کۆتایی. بۆیە ئێستا سەرنجمان لەسەر ئەو یارییە دەبێت. ئەمە ئاسان نابێت، بەڵام سەرەتا ئەم یارییە دەکەین و دواتر یارییەکەی کۆتایی دیکەیە بەرامبەر ریال مەدرید. دەمانەوێت هەردووکیان ببەینەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە