رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا بۆ خولێکی نوێی 5 ساڵە بە سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا هەڵبژێردرایەوە، دوای ئەوەی بە ئاسانی هەڵبژاردنەکەی بردەوە، لە دەنگدانێکدا کە تێیدا ئەندامانی یانە کەتەلۆنییەکە بڕیاری بەردەوامبوونی ئەو پڕۆژەیەیاندا کە سەقامگیری دارایی و تەکنیکی بۆ یانەکە گەڕاندەوە.
رۆژی هەڵبژاردن پشتگیرییەکی روون لەلایەن یاریزانانی بارسێلۆناوە بینرا، کە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکەیان بەرامبەر سێڤییا، کە بە سەرکەوتنێکی گەورەی بارسا بە ئەنجامی 5-2 کۆتایی هات، بەجۆشوخرۆشەوە، چوون بۆ دەنگدان.
هەندێک راپۆرت ئاماژەیان بەوە کردبوو کە لامین یامال پشتگیری خۆی بۆ سەرۆک پێشانداوە، دوای ئەوەی وێنەیەکی خۆی و لاپۆرتای بڵاوکردەوە، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە.
بەڵام ماڵپەڕی 'barcauniversal' ئاشکرای کردووە، ئەو یاریزانەی سەرکردایەتی هاوڕێکانی کردووە بۆ پشتگیری خوان لاپۆرتا لامین یامال نەبووە، بەڵکو دانی ئۆلمۆ بووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، دانی ئۆلمۆ یەکەم کەس بووە کە دەستی کردووە بە هاندانی هاوڕێکانی بۆ گوتنەوەی دروشمەکان بۆ پشتگیری لاپۆرتا، بەمەش بووەتە کەسایەتییەکی سەرەکی لەنێو کەشی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەنێو ژووری جلگۆڕینی یاریزاناندا.
ئەو هەڵوێستەی ئۆلمۆ دوای ئەوە هات، کە لەلایەن ڤیکتۆر فۆنتی بەربژێری دۆڕاو لە هەڵبژاردنەکەدا رەخنەی لێگیرا، کە گومانی لە سوودی گرێبەستکردن لەگەڵ ئۆلمۆ کردبوو و رەخنەی لە ئاستی جەستەیی و تەکنیکیی ئەو یاریزانە گرتبوو.
سەرچاوەکان دەڵێن، قسەکانی فۆنت، وای لە یاریزانە ئیسپانییەکە کردووە بە ئاشکرا و بە روونی پشتگیری سەرۆکی ئێستا بکات و هاوڕێکانیشی هان بدات بۆ پشتگیریکردنی لە رۆژی دەنگداندا.
خوان لاپۆرتا زیاتر لە 68 لەسەدی کۆی دەنگەکانی هەڵبژاردەنی سەرۆکایەتیی یانەکەی بەدەستهێنا و تاوەکو 2031 لەسەرۆکایەتیی یانە کەتەلۆنییەکە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ