بۆچی حەبیب 100 ملیۆن دۆلاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی مایوێزەر رەتکردەوە؟

06-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن حەبیب نۆرماگۆمیدۆڤ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

شەڕکەری بەنێوبانگ حەبیب نۆرماگۆمیدۆڤ، دەستەوارەیەکی گەورەی بەبڕی 100 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی رەتکردەوە بۆ گەڕانەوەی لە وازهێنان و رووبەڕووبوونەوەی فلۆید مایوێزەری ئەمریکی.
 
عەلی عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری کارەکانی نۆرماگۆمیدۆڤ، رایگەیاند کە ناوبراو دوای یەک ساڵ لە وازهێنانی دەستەوارەیەکی پێگەیشت بۆ گەڕانەوە بۆ هونەرەکانی شەڕ و ئەنجامدانی شەڕێک لە بەرامبەر 100 ملیۆن دۆلار دژی فلۆید مایوێزەر.
 
حەبیب لەم رۆژانەدا لە نیویۆرک سەبارەت بەو رووداوە گوتی "ئەمە تەنیا شەڕێکە لەپێناو پارەدا، بەڵام من هەرگیز ئەو کارە ناکەم، چونکە رێز لە پرەنسیپەکانم دەگرم".
 
هەروەها گوتیشی "ئەگەر باسی مایوێزەر بکەین وەک پیاوێک، کەس نایەوێت وەک ئەو بێت. سەیری محەممەد عەلی کلای بکەن، سەرەڕای ئەوەی چیدی لەگەڵماندا نییە، بەڵام ئیلهامی بە ملیارەها کەس بەخشیوە".
 
حەبیب لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "من وازم هێناوە. بەڵێنم بە دایکم داوە کە وازبهێنم و پابەندی بەڵێنەکەشم دەبم. ئەگەر دایکم داوام لێبکات بگەڕێمەوە، لەوانەیە بگەڕێمەوە. بەڵام ئێستا پێیگوتووم شەڕ مەکە و منیش گوێی لێدەگرم".
 
بۆچی حەبیب وازی هێنا؟
 
باوک و راهێنەری حەبیب، عەبدولمەناف نورماگۆمیدۆڤ، لە تەمموزی 2020 بەهۆی لێکەوتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دواییکرد.
 
دوای شەڕەکە، وازهێنانی یەکجارەکیی خۆی راگەیاند و گوتی "ناتوانم بەبێ باوکم شەڕ بکەم. کاتێک UFC پەیوەندییان پێوە کردم سەبارەت بە شەڕی جاستن، بۆ ماوەی 3 رۆژ قسەم لەگەڵ دایکم کرد، ئەو نەیدەویست من بەبێ باوکم شەڕبکەم، بەڵام بەڵێنم پێدا کە ئەمە دوایین جار دەبێت".
 
لە کۆتاییدا گوتی "ئەگەر من بەڵێنێک بدەم، دەبێت پێیەوە پابەند بم. ئەوە دوایین شەڕی من بوو".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە