ڤیدیۆ؛ ئەلکاراز بردنەوەیەکی مێژوویی بەرامبەر جۆکۆڤیچ تۆمارکرد

06-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئەلکاراز و جۆکۆڤیچ
ئەلکاراز و جۆکۆڤیچ
نیشانەکردن کارلۆس ئەلکاراز نۆڤاک جۆکۆڤیچ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی مێژوویی و گەورەدا، کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی سەرکەوتنی بەرامبەر نۆڤاک جۆکۆڤیچی سێربی بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا.
 
ئەلکاراز هەر زوو بەهێزەوە چووە نێو رکابەرییەکە و بە توانا جەستەییە بەرزەکەی توانیی کۆمەڵەی یەکەم بە شەش چوار بباتەوە و پێشبکەوێت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا ئەزموون هاوکاریی جۆکۆڤیچی کرد بۆ ئەوەی رکابەری تێنسزانە لاوە ئیسپانییەکە بکات، بەڵام تا سەر نەبوو و ئەلکاراز لەو کۆمەڵەیەشدا توانیی لە تای برێکدا بە حەوت شەش سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
 
جۆکۆڤیچ ماندوو بوو و توانای جەستەیی دابەزی، ئەمە یارمەتیدەرێکی باشبوو بۆ کارلۆس ئەلکاراز و ئەو کۆمەڵەیەشی بە شەش دوو بردەوە و بە دوو کاژێر 23 خولەک توانیی یارییەکە بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر تەواو بکات و خۆی بگەیێنێتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئەلکاراز بۆ سێیەمجار لەسەریەک لە پاڵەوانێتییەکانی گراندسلامدا رووبەڕووی یانیک سینێر دەبێتەوە، پێشتر لە رۆڵاند گارۆس رووبەڕووی یەکبوونەوە و بووە پاڵەوان، دوای ئەوە سینێر لە یاریی کۆتایی وێمبڵدۆندا لێی بردەوە و ئەمجارەش لە پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکادا رکابەریی یەکدی دەکەن.
 
یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت و چاوەڕواندەکرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یارییەکەدا ئامادەبێت، بەڵام تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکە دیاری نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە