رووداو-هەولێر
ئەمڕۆ لە خولی یانەکانی ئینگلتەرا چەند یارییەک بەڕێوەدەچن و لە دەستپێکیشدا بە یارییەکی بەهێز کەشی ساردی بەریتانیا گەرمدەبێتەوە.
لە یارییەکانی گەڕی ١٦ـی پرێمەرلیگ، یانەی ئێڤێرتۆن دوای ئەوەی مارکۆ سیلڤای راهێنەری دوورخستەوەی و فێرگسۆن دەنکانی کردە راهێنەر، دەیەوێ لە زەلکاوی ئەنجامە خراپەکان بێتەدەرەوە و میوانداری یانەی چێڵسی دەکات، تۆڤێز لە پلەی ١٨ـن و بلووزیش پلەی چوارەمیان بەدەستەوەیە، ئەم یارییە لە کاژێر ١٥:٣٠ دەکرێت.
لە کاژێر ١٨:٠٠ سێ یاری دیکەش بەڕێوەدەچن، یانەی لیڤەرپوولی یەکەمی ریزبەندی دەبێتە میوانی یانەی بۆرنمۆس، لیڤەر دەیەوێ درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و سەرکەوتنی ژمارە حەوت لەسەریەک تۆماربکات و ١٥ بردنەوە لەم وەرزەدا بنووسێتەوە، سوودیش لەو دۆخە خراپەی ئێستای بۆرنمۆس وەربگرێت کە چوار یارییە لەسەریەک دەدۆڕێت.
یانەی تۆتێنهامیش بە سەرکردایەتی مۆرینیۆ دوای ئەوەی یاری رابردوویان بە مان یونایتد دۆڕاند، هەوڵ بۆ گەڕانەوە بۆ ریزی گەورەکان دەدات، دوای ئەوەی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر بە یانەی بێرنلی یاری دەکات، سپێرز پلەی هەشتەمی گرتووە و ٢٠ خاڵی هەیە، نۆ خاڵ لەدوای چێڵسی چوارەمەوەیە.
دوایاری کاژێر ١٨:٠٠ـش لە نێوان هەردوو یانەی واتفۆردی کۆتایی ریزبەندی و کریستاڵ پاڵاسی حەوتەمدا دەبێت.
ئەمە جیا لەوەی لە کاژێر ٢٠:٣٠ دێربی مانچێستەر لە نێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و مانچێستەر یونایتددا بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ