رووداو دیجیتاڵ
ستامفۆرد بریدج و شەوێکی چوارشەممەی چامپیۆنزلیگ، لە قۆناخی شانزەدا، دەکرێ ئەو وێستگەیە بێت کە هەموو شت لە چێڵسیدا یەکلایی بکاتەوە و چارەنووسی راهێنەرەکەشی دیاری بکات.. چێڵسی لە گرنگترین یاری گەڕانەوە لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا، میوانداری بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەکات.
یاری چوون، لە نێو سیگناڵ ئیدۆنا پارک، بەسەرکەوتنی خانەخوێ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات، بەڵام ئەنجامەکە گوزارشت نەبوو لەوەی کە لە یارییەکەدا روویدا و ئاست، دەبوو هۆکاربێت بۆ ئەوەی دۆرتمۆند، سەرکەوتنێکی گەورەتر بەسەر بلووزدا تۆمار بکات.
یارییەکەی چێڵسی و دۆرتمۆند، رووبەڕووبوونەوەی دوو تیپە کە یەکێکیان لە لووتکەی هیوا و ئاست و ئەنجام و سەرکەوتنەکانیدا دەژی و ئەویدیکەشیان لە لووتەکی بێئومێدی و لاوازی و شکستدا رۆژەکانی بەڕێدەکات.. یەکێکیان چاوی لە هەموو شتێکی وەرزی ئەمساڵە و ئەویدیکەشیان تەنیا ویستی ئەوەیە هەیە هەرچۆنێک بێت، خۆی لە کەوتنی یەکجاری و داڕووخان رزگار بکات.
بلووز کە تاوەکو ئێستا بەگەڕانەوە بۆ ئەنجامی یاریی چوون، چارەنووسی لە چامپیۆنزلیگدا بەدەستی خۆیەوەیەتی، لە نێوخۆدا ئومێدی بەهیچ شتێک نەماوە، پلەی دەیەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ و تەنیا یەک بردنەوە لە حەوت یاری رابردوودا، پێناچێ تەنانەت هەلی ئەوەیان بۆ هێشتبێتەوە کە بیر لە چوارگۆشەی زێڕینی پرێمەرلیگ بکاتەوە.. چامپیۆنزلیگ تاکە ئومێدی ئەو یانەیە لە وەرزی ئەمساڵدا.
خەرجییە زۆرەکان و هێنانی یاریزانانی نوێ و نۆژەنکردنەوەی گەورە، یارمەتیدەرنەبوون بۆ ئەوەی گراهام پۆتەر یانەکەی لە گێژاوی ئەنجامە خراپەکان دەربهێنێت.. بەپێچەوانەوە بۆرووسیا دۆرتمۆند ورەیەکی بەرز و ئەنجامی باش و هاوئاهەنگییەکی گەورەی لە نێو تیپەکەدا پێشانداوە و ئەگەر چێڵسی لە دوایین پانزە یاری خۆیدا لە دەیاندا گۆڵی نەکربێت.. بۆرووسیا دۆرتمۆند لە سیانزە یاریی رابردووی خۆیدا، بەسەریەکەوە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان گۆڵی تۆمارکردووە و لەو سیانزە یارییەشدا کۆی 40 گۆڵی تۆمارکردووە.
چێڵسی لە سایەی سێ شکست و سێ یەکسانبوون و تەنیا دوو بردنەوە لە هەشت یاری رابردووی خۆیدا، لە پرێمەرلیگ رۆژ لە دوای رۆژ مەترسیی زیاتر لەسەر شوێنەکەی لە پلەی دەیەمی ریزبەندییەکەدا دروست دەبێت.. کەچی هەشت بردنەوەی لەسەریەک لە بۆندێسلیگادا، دۆرتمۆندیان کردووەتە رکابەری راستەوخۆی بایرن میونشن لەسەر نازناوی خولی ئەڵمانیا..
بردنەوەی دۆرتمۆند کە پێشبینیکراوە، ئەو یانەیە هەنگاوێکی دیکە بەرەو دەرکەوتن لە وەرزێکی نموونەییدا دەباتە پێشەوە.. شکست گورزێک دەبێت یانەکە لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکەدا پاشەکشە پێدەکات.. بەڵام بردنەوەی چێڵسی ئاراستەی زۆر شتی یانەکە و بیرکردنەوەی کارگێڕییەکەی لە راهێنەرەکەی دەگۆڕێت، شکستیش بەدڵنیاییەوە کورسییەکەی پۆتەر لە مەشقدانی یانەکە، لەق و لەقتر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ