رووداو دیجیتاڵ
تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید دوای یارییەکەیان بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ رایگەیاند کە یاریزانێکی هاوڕێی شێتی کردووە و هەڕەشەش لە مانچێستەر سیتی دەکات و دەڵێت "رووبەڕووی چارەنووسی بێنفیکا دەبێتەوە".
گۆڵپارێزە بەلجیکییەکەی یانەی شاهانە، دوای بردنەوەیان لە سێلتا ڤیگۆ بەئەنجامی 2-1 پلانی بردنەوە لە مانجێستەر سیتی ئاشکراکرد و باسی لە گرنگی رووبەڕووبوونەوەی چاوەڕوانکراوی یانە ئینگلیزییەکە کرد لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە چوارچێوەی یاریی چوونی قۆناغی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
ریال مەدرید لە یاریگەی بالایدۆس بە سەرکەوتوویی چووە دەرەوە، ئەمەش بەهۆی رۆڵی سەرەکی گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە کە بە چەندین گەڕاندنەوەی یەکلاکەرەوە تیپەکەی لە بەرامبەر سێڵتا ڤیگۆ رزگارکرد.
کۆرتوا لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، گوتی "زۆر گرنگ بوو سەرکەوتن بەدەستبهێنین، جگە لەوەی ئەم سەرکەوتنە لە یادی دامەزراندنی یانە مەزنەکەماندا بوو، ئەمە خۆشییە بۆ هەموو هاندەران. یارییەکی ئاسان نەبوو، ئەوان بە 11 یاریزانەوە لە پشت تۆپەکەوە یارییان دەکرد و کێشەمان هەبوو لە دۆزینەوەی بۆشایی. بە گۆڵێک و تۆپێک کە بەر ستوون کەوت و چەند لێدانێک باش دەستمان پێکرد، پاشان ئەوان هاتنە ناو کەشی یارییەکەوە. گۆڵی یەکسانبوون ناخۆش بوو، بەڵام لە گێمی دووەمدا ویستێکی زیاترمان بۆ سەرکەوتن نیشان دا لەوەی ئەوان هەیانبوو".
سەبارەت بە گۆڵی یەکلاکەرەوەی فێدی ڤاڵڤێردی، گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە گوتی "شێت بووم لە خۆشیدا، رامکرد بۆ ئەوەی ئاهەنگ بگێڕم. هەفتەیەکی ئاسان نەبوو و دەمانزانی پێویستە کاردانەوەمان هەبێت. ئەمڕۆ 10 یاریزانمان ئامادە نەبوون، بەڵام سەلماندمان کە بۆ ئەم درێسە دەجەنگین. یاریزانانی ئەکادیمیا زۆر باش هاتنە ناو یارییەکەوە و دەمەوێت دەستخۆشییان لێبکەم، چونکە ئاسانە لە کاتێکی گونجاودا یەکەم یاریت بکەیت، بەڵام لە کاتێکی وەک ئەمڕۆدا ئاڵۆزترە و ئەوان کەسایەتییەکی گەورەیان نیشان دا".
لەسەر ئاستی کەسی و گەشەکردنی جەستەیی، کۆرتوا گوتی "هەست بە بارودۆخێکی زۆر باش دەکەم. دوای نەشتەرگەرییەکە بەردەوام بووم لە کارکردنی زۆر، وەرزشکردن لە هۆڵی وەرزشی بۆ پاراستنی خێرایی و توانای تەقینەوەی جەستە. جگە لە چەند رۆژێکی خراپ، بەختم هەبوو کە ئەمساڵ تووشی پێکان نەبووم، ئەمەش بەهای کارکردنی رۆژانە دەسەلمێنێت".
سەبارەت بە یارییە چاوەڕوانکراوەکەی چامپیۆنزلیگ، کۆرتوا پەیامێکی روونی بۆ مانچێستەر سیتی و بۆ هەمووان نارد و گوتی "پێویستمان بە تیپێکە بە وزەیەکی زۆر و وردبوونەوەیەکی زۆر بەرزەوە. دەزانین یارییەکی گرنگە و لە خولەکی یەکەمەوە پێویستمان بە هاندەرانە، وەک ئەوەی بەرامبەر بێنفیکا کردیان. دەکرێت شەوێکی مەزن بێت لە بێرنابیۆ. دەبێت هەموومان 200٪ ئامادە بین، چ خۆمان و چ هاندەران، و دڵنیام کە سەردەکەوین".
گۆڵپارێزەکەی ریال مەدرید هەروەها گوتیشی "مانچێستەر سیتی رووبەڕووی هەمان چارەنووسی بێنفیکا دەبێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ