رووداو دیجیتاڵ
خەونی مۆندیال بۆ عێراقییەکان لە مەترسیدایە و هەڵبژاردەی عێراق لە پێشبڕکێدایە لەگەڵ 'ئاسمانی داخراو' پێش دەستپێکردنی یارییەکەی لە پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا.
لەکاتێکدا هاندەرانی عێراق چاوەڕێی فیکەی دەستپێکردنی یارییەکەی هەڵبژاردەکەیانن لە شاری مۆنتێری مەکسیکی، گەشتەکە بەرەو پلەی ئۆفی مۆندیالی 2026 وەک 'ئەرکێکی مەحاڵ' دەردەکەوێت.
لەنێوان ئاسمانێکی داخراوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باڵیۆزخانە دەرگا داخراوەکاندا، شێرەکانی رافیدەین خۆیان لەبەردەم رکابەرێکی جیاوازدا دەبیننەوە; بیرۆکراسی و بارودۆخی ناچاری.
کلیلی بارودۆخی نائاساییی لەدەستی فیفادایە
لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی فیفادا، دەنگۆکان سەبارەت بە کاراکردنی "بڕگەی بارودۆخی ئەوپەڕی نائاسایی" بەرزبوونەتەوە.
یاساکانی رێکخستنی مۆندیالی 2026 دەسەڵاتی رەها دەدەنە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی 'بارودۆخی ناچاری'. بەپێی میدیاکان فیفا مافی ئەوەی هەیە بەپێی ماددەی شەشەم هاوکێشەکان بەتەواوی سەرەوژێر بکات، لەڕێگەی گۆڕینی کاتی یارییەکان یان گواستنەوەیان، یان تەنانەت هەڵوەشاندنەوەیان، ئەگەر هەست بە مەترسی ئاساییشی یان گرفتێکی لۆجیستی بکرێت.
لە ئەگەری بەردەوامبوونی مەحاڵیی عێراق لە گەیشتن بە مەکسیک، تۆپەکە دەکەوێتە گۆڕەپانی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا و رکابەرە ئەگەرەکان 'بۆلیڤیا یان سۆرینام' بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازێکی رزگارکردن کە دواتر فیفا پەسەندی بکات.
نەخشەڕێگایەکی پەککەوتوو
لەسەر ئەرزی واقیع، وردەکارییە لۆجیستییەکان تاوەکو ئاستی بێئومێدی ئاڵۆزن. گراهام ئارنۆڵدی ئوسترالی، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لە دەوڵەتی ئیمارات وەک دیلێکی لێهاتووە بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان و ناتوانێت لە مەیدانەکەوە سەرپەرشتی ئامادەکارییەکان بکات.
قەیرانەکە تەنیا لە راهێنەردا ناوەستێت، بەڵکو داخستنی نێردە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکەدا بووەتە رێگر لەبەردەم بەدەستهێنانی 'ڤیزای چوونەژوورەوە' بۆ مەکسیک بۆ یاریزانە سەرەکییەکان و ستافی پزیشکی.
سەرەڕای جەختکردنەوەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە وەرگرتنی نووسراوێکی فەرمی لە فیفاوە کە دووپاتیدەکاتەوە یارییەکە لە کاتی خۆیدا 31ـی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ناوەڕۆکی بەیاننامەکە هەماهەنگییەکی 'سات بە سات'ـی لەگەڵ فیفا و یەکێتیی تۆپی پیی ئاسیا ئاشکرا کردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەم کارەساتە پێش روودانی.
ئینفانتینۆ ئارامە
لە لایەکی دیکەوە، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لە دۆخێکی هێمنیی ستراتیژیدا دەردەکەوێت. سەرەڕای ئەو راپۆرتانەی کە نیگەرانییان لە دۆخی ئەمنی مەکسیک و بڵاوبوونەوەی تووندوتیژی باندەکان دەربڕیوە، ئینفانتینۆ بە لێدوانێکی یەکلاکەرەوە گوتی "نیگەران نیم".
ئینفانتینۆ پێیوایە مەکسیک ئامادەیە، بەڵام پرسیارە راستەقینەکە کە ئێستا شەقامی وەرزشی دەیورووژێنێت ئەوەیە؛ ئامادەیی یاریگا چ بایەخێکی هەیە ئەگەر رکابەرەکە 'عێراق' لەپشت ئەو سنوورانەوە گیر بخوات کە ململانێکان دایانخستووە؟.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ