سیمۆنی ئینزاگی.. لە یاریزانێکی خراپەوە بۆ راهێنەرێکی گەورە و مێژوویی

07-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سیمۆنی ئینزاگی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کە یاریزان بوو هەرگیز ناوی نە دەهێنرا و هەرکاتێک پرسیاریان لەبارەی یاریزانێکی ئیتاڵییەوە کردبا، هەمووان ناوی برا گەورەکەیان دەهێنا و دەیانگوت "فلیپۆ ئینزاگی"، بەڵام ئێستا باس باسی ئەوە و هەمووان پێی سەرسامن.
 
سیمۆنی ئینزاگی، یاریزانێکی ئاست مامناوەند و راهێنەرێکی لێهاتوو و بەتوانا، ئێستا لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە و دەیەوێت نازناوێکی مێژوویی بۆ یانەی ئینتەرمیلان بباتەوە.
 
ئەوانەی لە ماوەی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و سەرەتای ئەم سەدەیەدا سەیری یاریی تۆپی پێیانکردووە، براکەی بەباشی دەناسن و یاریی ئەویشیان کەم تا زۆر بینیووە، ئەوەی وەکو یارییکردن نەیتوانی هاوشێوەی براکەی بیکات، وەکو راهێنەر و زیاتریش دەیکات و پێشکێشی دەکات.
 
سیمۆنی ئینزاگی، برای بچووکی فلیپۆ ئینزاگییە، لە سەردەمی یارییکردنیاندا، فلیپۆ یاریزانی یانەی ئەیسی میلان بوو و هەموو نازناوە ناوخۆی و ئەورووپییەکانی لەگەڵ یانەکە بردەوە و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2006، بەڵام سیمۆنی هیچ یەکێک لەو نازناوانەی بەدەستنەهێا و نەگەیشتە ئەوەی براکەی پێی گەیشت.
 
هەردوو برا وازیان لە یارییکردن هێنا و روویانکردە کاری راهێنەرایەتی، لە راهێنەرایەتیکردندا بارودۆخەکە تەواو جیاواز و پێچەوانەبوو، سیمۆنی بووە راهێنەرێکی سەرکەوتوو و دیار، فلیپۆش راهێنەرێکی ئاساییە.


سیمۆنی ئینزاگی لەگەڵ یانەی لازیۆ و لە تیپەکانی ئاستە جیاوازەکانی تەمەن دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کرد و ساڵی 2010 بۆ یەکەمجار چووە نێو، لەکاتێکدا ماوەیەکی کەمبوو وازی لە یارییکردن هێنابوو و راستەوخۆ لەگەڵ تیپی منداڵانی یانەی لازیۆی وەرگرت، دوای ئەوە وردە وردە لە کارەکەی چووە پێشەوە و لە 2011 بووە راهێنەری تیپی خوار 17 ساڵانی یانە ئیتاڵییەکە، دوای سێ ساڵ ئاستێکی دیکە چووە پێشەوە و راهێنەرایەتیی تیپی خوار 19ساڵانی وەرگرت.
 
ئینزاگی چۆن بووە راهێنەری لازیۆ؟
 
لە وەرزی 2015-2016 ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری ئێستای یانەی نەسڕی سعودی، راهێنەری یانەی لازیۆ بوو، بەڵام ئەنجامەکەی بەرەو خراپی رۆیشتن و یانەکە کەوتە دۆخێکی خراپەوە، چیرۆکەکە لێرەوە دەستیپێکرد، کاتێک پیۆلی لە نیسانی 2016 لە دێربیی پایتەختدا بە 4-1 بەرامبەر رۆما دۆڕا و لە راهێنەرایەتیی لازیۆ دوورخرایەوە.
 
دوای پیۆلی ئینزاگی بەشێوەیەکی کاتی بووە راهێنەری تیپی یەکەمی یانەی لازیۆ، راهێنەرەکە ئەو وەرزەی بە ئەنجامی قبوڵکراوەوە تەواوکرد، 4 یاریی بردەوە و 3 یاریی دۆڕاند.
 
دوای ئەوە لە 2016-2017 مارسێلۆ بێلسا بووە راهێنەری یانەی لازیۆ، بەڵام دوای تەنیا هەفتەیەک لە گرێبەستەکەی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە داوای لێبوردنی کرد، دوای ئەوە کارگێڕیی یانەی لازیۆ جارێکی دیکە پەنای بردەوە بەر ئینزاگی و راهێنەرەکەی بەفەرمی بۆ ئەو ئەرکە راسپارد و سیمۆنی لە سەرەتای وەرزەوە بووە راهێنەری یانەکە.


لە وەرزی یەکەمی کارکردنیدا وەکو راهێنەری یانەی لازیۆ، سیمۆنی ئینزاگی پلەی پێنجەمی سێری ئای بەدەستهێنا، تیپەکەی زۆر نزیکبوو لەگەیشتن بە چامپیۆنزلیگ، بەڵام لە دوایین گەڕدا بەرامبەر ئینتەر دۆڕا و ئاتالانتا بە جیاوازیی دوو خاڵ لەگەڵ لازیۆ گەیشتە چامپیۆنزلیگ.
 
خاڵی ئەرێنی بۆ ئینزاگی لە وەرزی یەکەمدا، گەیاندنی تیپەکەی بوو بە یاریی کۆتایی جامی ئیتاڵیا، بەڵام لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر یوڤێنتوس دۆڕاند، بەڵام هەر ئەو دوو یانەیە جامی سوپەری ئیتاڵیایان ئەنجامدا و ئینزاگی ئەو یارییەی بردەوە و یەکەم نازناوی وەکو راهێنەر بۆ لازیۆ بەدەستهێنا.
 
ئینزاگی لە کارکردن بەردەوامبوو و لە وەرزی 2017-2018 جارێکی دیکە تیپەکەی لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ سەرکەوتوو نەبوو، ئەو کاتەش هەر ئینتەرمیلان هۆکار بوو، هەردوو تیپ 72 خاڵیان هەبوو، بەڵام ئینتەرمیلان گۆڵی کەمتری لێکرابوو و یانەکە بە سوود وەرگرتن لە رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان یەکدی گەیشتە چامپیۆنزلیگ.
 
لە وەرزی دوای ئەوە لەسەر ئاستی ئیتاڵیا، لازیۆ پلەی هەشتەمی بەدەستهێنا، بەڵام یانەکە لەگەڵ ئینزاگی جارێکی دیکە بووە پاڵەوان و جامی ئیتاڵیای بردەوە، لەکاتێکدا شەش ساڵ بوو یانەکە ئەو نازناوەی بەدەستنەهێنابوو، پاشانیش تیپەکە لە یاریی جامی سوپەری ئیتاڵیادا سەرکەوتنی بەرامبەر یوڤێنتوس بەدەستهێنا و نازناوێکی دیکەی بردەوە.

 
وەرزی 2019-2020 سیمۆنی ئینزاگی، یانەکەی پایتەختی بە چامپیۆنزلیگ شاد کرد و تیپەکەی گەیاندە گەورەترین پاڵەوانێتیی یانەکانی ئەورووپا، دوای ئەوەی بە جیاوازیی 5 خاڵ پێش یوڤێنتوس کەوتن، بەڵام بۆ وەرزی دوای ئەوە جارێکی دیکە ئەنجامەکانی یانەکە روویان لە لێژی کرد و لەسەر ئاستی ناوخۆ تیپەکە چووە پلەی نۆیەم، لەگەڵ ئەوەشدا لازیۆ دەستکەوتێکی گرنگی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ و بەرامبەر بایرن میونشن کرانە دەرەوە، لەکاتێکدا قۆناخی کۆمەڵەکانیان بەبێ هیچ دۆڕانێک بڕی.
 
نووسینەوەی مێژوو لە ئینتەرمیلان
 
لە دەستپێکی وەرزی 2021-2022 سیمۆنی ئینزاگی، وەکو راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان دەستنیشانکرا، ئەو کاتە هەرچەند یانەکە نازناوی خولی ئیتاڵیای بردبووەوە، بەڵام تووشی کێشەی دارایی بوو و ناچاربوو دەستبەرداری چەند یاریزانێکی ببێت، لەوانەش رۆمێلو لوکاکو و ئەشرەف حەکیمی، جگە لەوەش ئەنتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری ئەو یانەیە رۆیشت.
 
سیمۆنی ئینزاگی لەگەڵ ئینتەرمیلان بەهێزەوە دەستپێکرد، لە وەرزی یەکەمیدا رکابەرییەکی زۆری لەسەر بردنەوەی سێری ئا کرد، یانەکە بە جیاوازیی دوو خاڵ نازناوەکەی لە بەرژەوەندی میلان لەدەستدا، لە چامپیۆنزلیگدا گەیشتە قۆناخی هەشت و بەرامبەر لیڤەرپوول دۆڕا، بەڵام لە وەرزی یەکەمیدا نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیای بردەوە، کاتێک سەرکەوتنیان بەرامبەر یانەی یوڤێنتوس سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

 
لە وەرزی دوای ئەوە یانە ناپۆلی دوای چاوەڕوانییەکی زۆر نازناوی خولی ئیتاڵیای بردەوە و ئینتەرمیلان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، بەڵام جارێکی دیکە ئینتەرمیلان سەرکەوتوو بوو لە بردنەوەی نازناوی جامی ئیتاڵیا و سوپەری ئیتاڵیا و گەیشتە قۆناخی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
لە وەرزەکەدا 2022-2023، ئینتەرمیلان قۆناخی کۆمەڵەکانی بە پلەی دووەم تەواوکرد، بەڵام دوای ئەوە پۆرتۆ، بێنفیکا و ئەیسی میلانی تێپەڕاند و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، یاریی کۆتایی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی لە ئیستەنبوڵ ئەنجامدا، یانە ئینگلیزییەکە یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.
 
سیمۆنی ئینزاگی، وەرزی 2023-2024ـی بەهێزەوە دەستپێکرد، تیپەکە بۆ جاری پێنجەم بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیتاڵیا، ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو راهێنەرەکە ئەو یارییەی لە یانەی پێشووی بردەوە کە لازیۆ بوو، لە چامپیۆنزلیگدا ئینتەرمیلان لە قۆناخی هەشت بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕا و ماڵئاواییکرد، بەڵام تیپەکە لەسەر رێگەی راستبوو بۆ بردنەوەی سێری ئا و تیپەکە 8 گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی نازناوی خولەکە سێری ئای لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە، ئەوە بووە شەشەم نازناوی ئینزاگی وەکو راهێنەری نیرازۆری.

 
لەم وەرزەدا یانەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ هێشتا رکابەری بۆ بردنەوەی خولی ئیتاڵیا دەکات و تەنیا سێ خاڵ لە ناپۆلی پێشەنگەوە دوورە.
 
لە چامپیۆنزلیگدا و لە قۆناخی یەکەمدا ئینتەرمیلان لە پلەی چوارەم بوو، لە 8 یارییدا 6 یاریی بردەوە، لە یارییەکدا یەکسانبوو و یارییەکی دۆڕاند، یانەکە تەنیا 1 گۆڵی لێکرا و بەباشترین هێڵی بەرگرییەوە گەیشتە قۆناخی شازدە.
 
لەو قۆناخەدا تیپەکەی میلانۆ، دوو یاریی چوون و گەڕانەوەی لە فاینۆردی هۆڵەندی بردەوە و گەیشتە قۆناخی هەشت، لە قۆناخی هەشتدا ئینتەرمیلان یاریی چوونی لە بایرن میونشن بردەوە و لە یاریی گەڕانەوەدا یەکسانبوون، بە ئەنجامی هەردوو یاری، ئینتەر خخۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی و رکابەرەکەی بووە یانەی بارسێلۆنا.
 
ئەو سێ یارییەی هەمووانی هەڵخەڵەتاند
 
بەر لەوەی لە قۆناخی پێشکۆتاییدا ئینتەرمیلان بەرامبەر بارسێلۆنا یاری بکات، لەسەر ئاستی ناوخۆ و سێ یاریی لەسەریەکی دۆڕاند، بەرامبەر بۆلۆنیا و رۆما لە سێری ئا و بەرامبەر ئەیسی میلانیش لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیادا و لەو سێ یارییەدا ئینتەرمیلان هیچ گۆڵێکیشی تۆمار نەکرد.
 
ئەو ئەنجامە خراپانە هەمووانی هەڵخەڵەتاند و پێیانوابوو یانەکە دەبێتە پاروویەکی ئاسان بۆ بارسێلۆنا، لەکاتێکدا یانە کەتەلۆنییەکە بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و تیپێکی بەهێزی هەیە لەم وەرزەدا، بەڵام بە هەردوو یاری، تیپەکەی سیمۆنی ئینزاگی ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بارسێلۆنای ناچار بە یەکسانبوون کرد و لە یاریگەی خۆیشیدا بردنەوەیەکی دراماتیکیی تۆمارکرد و بە 4-3 یارییەکەی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی.

 
سیمۆنی ئینزاگی، لە ماوەی سێ وەرزدا بۆ جاری دووەم گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەمجارە راهێنەرەکە چاوی لەوەیە مێژووەکەی لەگەڵ ئینتەرمیلان درەوشاوەتر بکات و بەبردنەوەی نازناوی گەورەترین پاڵەوانێتیی یانەکانی ئەورووپا لاپەرەیکی دیکەی مێژووی چامپیۆنزلیگ بە ناوی خۆی تیپە رەش و شینەکەی دێلامادۆنیاوە بکات.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە