رووداو دیجیتاڵ
سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دووپاتیکردەوە ویستی ئەوەیان هەیە لە کۆتایی ئەمشەودا، هەلی ئاهەنگگێڕان بۆ هاندەرەکانیان بڕەخسێنن، ئەوەش بەبردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ.
ئینتەرمیلان، ئەمشەو کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر پاریس سانجێرمانی فەرەنسی یارییدەکات، لەسەر یاریگەی ئالیانز ئەرێنا لە میونشن.
ئینزاگی، پێیوایە هەر یارییە و بوونێکی سەربەخۆی جیاوازی لە یارییەکانی دیکە هەیە، ئەو دەڵێ، "هەر یارییە و چیرۆکێکی جیاوازی هەیە. ئەمە پەیوەندی بە داهات و بودجە و دەستکەوتی ساڵانە و کوالیتی تیپەوە نییە. بابەتەکە دەوەستێتە سەر ئەو یاریزانانەی دەزانن وردەکاریی زۆر بچووک، جیاوازییەکە دروستدەکات. ئێمە دەزانین یارییەکانی کۆتایی دەکرێ لە ساتی زۆر بچووکدا یەکلابکرێتەوە. بەر لە دووساڵ ئێمە وەک تیپە لاوازەکە تەماشا دەکراین، بەڵام یاریگە پێشانیدا ئێمە خۆگرین و شایەنی باشترین، تەنانەت ئەگەر رووبەڕووی مانچێستەر سیتی ببینەوە کە باشترین تیپی جیهانە".
راهێنەری ئینتەرمیلان، باسی ئەو رێگایانەی کردووە کە دەکرێ تیپەکەی وەک کلیلێک بۆ کردنەوەی گرێی پاریس سانجێرمان بەکاریان بهێنێت، "ئێمە کوالیتی رکابەرەکەمان دەزانین، دەزانین ئەوان لە رووی کۆنترۆڵی تۆپەوە لەنێو باشترینی ئەورووپادان. ئێمە لە پێشەنگی خولەکەی خۆمان بووین و لەنێو باشترینەکانی ئەورووپاین، ئاساییە لە رووی تەکنیکییەوە یارییەکی باش بکەین، بەڵام دەبێ پاساتەکانمان زۆر ورد بێت، بۆ ئەوەی تۆپەکە لە پاریس سانجێرمان بستێنین، لەبەرئەوەی ئەوە یەکێکە لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی ئەوان".
سیمۆنی ئینزاگی کە وەکخۆی باسیکردووە لە دوای یارییەکەی ئەمشەو بڕیار لە چارەنووسی خۆی، لەبارەی مانەوە و بەردەوامبوون لە ئینتەرمیلان یان رۆیشتن لە یانەکە، باسی لە بایەخی ئامادەبوونی هاندەرانی یانەکەی لە یارییەکەدا کردووە، "ویستی گەورەمان ئەوەیە هەلی ئاهەنگگێڕان بۆ هاندەرانمان دروست بکەین. لە مەشقەکاندا گوێمان لێیان بوو. نابێ پشتگیریی گەورەی ئەوان لەبیر بکەین، تەنانەت ئەگەر لە یارییەکەشدا ئامادەنەبن، لەبەرئەوەی هەموو هاندەرەکانمان لە پشتمانن. ئێمە ئەرکەکەمان پێکەوە لە مانگی نۆدا لە مانچێستەر دەستپێکرد، با لێرە لە میونشن کۆتایی پێ بهێنین".
سووربوون لەسەر ویستی بردنەوە و گەیشتن بەئامانجەکە، داواکاریی سیمۆنی ئینزاگییە لەیاریزانەکانی، بۆ یارییەکەی ئەمشەو، ئەو دەڵێ، "ئێمە دەبێ سووربین لەسەربردنەوە، نەک خەیاڵپڵاوی بردنەوە بین. دەزانین رکابەرەکەمان بەهێزە، بەڵام ئێمەش بەهەموو توانای خۆمانەوە وەک هەمیشە یارییدەکەین. روونە کە کاروانەکەمان متمانەبەخۆبوونی تێدا زیادکردین، ئەگەرچی پڕ لە بەربەست و ئاستەنگ بوو، بەڵام گەیشتینە ئێرە لەبەرئەوەی سووربووین لەسەر ویستی خۆمان، نامامەوێت بوەستین و یاریزانەکانمان دەزانن کە دەبێ هەموو توانای خۆیان بەکاربخەن بۆ بڕینی دوایین بەربەست".
ئینزاگی دوو ساڵ لەمەوپێش، لەگەڵ ئینتەرمیلان گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام لەوێ بە مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دۆڕا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ