رووداو - هەولێر
لەسەر داوای دانە حوسێن، راکەری نێودەوڵەتی عێراق، کارۆخ ساڵحی راهێنەر گەڕایەوە ناو بواری راهێنەرایەتی و سەرپەرشتی ئامادەکارییەکانی دەکات.
دانە حوسێن، لە 1986 لەدایکبووە و خەڵکی بەغدایە، یاریزانی یارییەکانی راکردنی 100 مەتر و 200 مەتری هەڵبژاردەی عێراقە، بەشداری یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی لەندەن و پەیجینی کردووە.
بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو دانە حوسێن دەستبکاتەوە بە راهێنانەکانی، لەژێر چاودێری کارۆخ ساڵحی راهێنەر کە پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بووە و هەریەک لە ئەستێرەکانی گۆڕەپان و مەیدان گوڵستان مەحموود، بژان خۆشەوی، ئالا حیکمەت لەگەڵ داستان جەمال یاریزانی ئەو بوون، بەڵام دوو ساڵ بوو وازی لە کارەکەی هێنابوو، ئێستا جارێکی دیکە گەڕایەوە ناو کارەکەی.
کارۆخ ساڵح، کە وەک راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بەشداری پاڵەوانێتییەکانی ئاسیا و عەرەبی کردووە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند "دانا حوسێن ئەستێرەیەکی دیاری راکردنە و داوایلێکردم وەک راهێنەری سەرپەرشتی راهێنان و ئامادەکارییەکانی بکەم، هەر بۆیە داواکەیم قبوڵکرد و گەڕامەوە سەر کارەکەم، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بەشێوازی ئۆنلاین بەرنامە و پلانی راهێنانەکانی پێدەدەم و ئامادەکارییەکانی دەستپێدەکات".
دانە حوسێن، لە 2011 توانی میدالیای زێڕی راکردنی 100 مەتری یارییەکانی خولی وڵاتانی عەرەبی بباتەوە لە قەتەر و نازناوی خێراترین کچە راکەری عەرەبی وەرگرت.
ساڵح زیاتر گوتی" دوای تەواوبوونی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمپی راهێنان لە هەولێر یان سلێمانی بۆ دانە دەکەینەوە، ئەمساڵ بەهێز و توانایەکی باشتر دەگەڕێتەوە ناو گۆڕەپان، هەروەها دەمانەوێت ریکۆردی عێراق بشکێنین لە راکردنی 100 و 200 مەتر، دواتر لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقدا میدالیای زێری پاڵەوانێتی عەرەبی و ئاسیا ببەینەوە".
ئەو راهێنەرە کوردە ئاماژەی بەوەشکرد "ئەڤین سەعید پاڵەوانی راکردنی 400 مەتری هەڵبژاردەی عێراق لە راهێنان بەردەوامە و سەرپەرشتی دەکەم، لە وەرزی نوێدا بەشێواز و ژمارەی نوێ دەردەکەوێت".
لای خۆیەوە دانە حوسێن، پاڵەوانی گۆڕەپان و مەیدانی هەڵبژاردەی عێراق بە رووداوی گوت "دڵخۆشم بە ئەزموونی راهێنەرەکەم و متمانەم بەخۆمان هەیە کە دەتوانین ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین، ئامانجی من جارێکی دیکە سەرکەوتنە سەر سەکۆی نازناوەکانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ