کروس: ریال مەدرید شوێنگرەوەی وەک منی دەستناکەوێت و هۆشداری دەداتە چابی ئالۆنسۆ

07-07-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن تۆنی کروس
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کروس، ئەفسانەی ئەڵمانی و پێشووی یانەی ریال مەدرید، پێیوایە یانە شاهانەکە زەحمەتە بتوانێت یاریزانێک بدۆزێتەوە کە توانای پڕکردنەوەی شوێنی ئەوی هەبێت و جەخت دەکاتەوە کە "یاریزانی وەک من زۆر نین."


لەدوای وازهێنانی وەک براوەی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ ریال مەدرید، کرووس بەردەوامە لەسەر دەربڕینی بۆچوونەکانی لەسەر یانەکەی پێشووی. لە یەکەم وەرزدا بەبێ ئەندازیارە ئەڵمانییەکە، لۆس بلانکۆس لە لالیگا پلەی دووەمی بەدەستهێنا و لە چامپیۆنزلیگ بە ئەنجامێکی گەورە و 5-1 لەسەر هەردوو یاریی لەلایەن ئارسیناڵەوە کرایە دەرەوە، ئەم دوو کارەساتە بوونە هۆی دوورخستنەوەی کارلۆ ئەنچیلۆتی و دەستنیشانکردنی چابی ئالۆنسۆ.

یانەی شاهانە لە زۆر یارییدا کێشەی کۆنترۆڵکردنی یاریگای هەبووە، ئەمەش وایکردووە کروس پێیوابێت نەبوونی یاریزانێک بە ستایلی ئەو هۆکاری سەرەکی بووە.

کرووس لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەیەکی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "ئەوان هێشتا یاریزانێکیان نییە بە ستایلی من، هێشتا بەدوایدا دەگەڕێن. یاریزانی لەو شێوەیە زۆر نین، ئەوانەشی کە هەن، دەستخستنیان ئاسان نییە."

لەسەر ریال مەدریدەکەی چابی ئالۆنسۆ، ئەستێرە ئەڵمانییەکە گوتی: "هێشتا زووە بۆ هەڵسەنگاندنی ریال مەدریدەکەی چابی. کاتی دەوێت بۆ بینینی گۆڕانکارییەکان و جێبەجێکردنی بیرۆکەکانی. دڵنیام چابی دەزانێت چۆن شتەکان راست بکاتەوە، چونکە هەندێک شت هەن پێویستە بگۆڕدرێن، لەگەڵ بوونی ئەو هەموو کوالیتییە، دەبێت کارەکان بەباشی بڕۆنە پێشەوە."

کاتێک کروس وازیهێنا، ئەنچیلۆتی دانی بەوەدانا کە پڕکردنەوەی شوێنی ئەستێرە ئەڵمانییەکە بە یاریزانانی ئێستا وەک جود بێلینگهام، ئۆرێلین چوامینی، فێدێریکۆ ڤالڤێردی، دانی سیبایۆس و ئێدواردۆ کاماڤینگا کارێکی قورسە، چونکە هیچ کامیان توانای کۆنترۆڵکردنی تۆپیان وەک کرووس نییە. پێشنیاری ئەوەش کراوە کە ئاردا گولەر بۆ ناوەڕاستی یاریگا بگوێزرێتەوە، بەڵام یاریزانە تورکەکە هێشتا گەنجە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە