شەڕە ژن خەریکە سەقامگیریی بارسێلۆنا تێکدەدات

07-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن گاڤی فێرمین لۆپێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ، پێدەچێت کەشێکی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزی ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنای تەنیبێتەوە، نەک بەهۆی کێشەی تەکنیکی یان ململانێی وەرزشی، بەڵکو لەبەر هۆکارێکی تەواو نامۆ، کە ئەویش خانمانن، ئەوانەی دۆست و خۆشەویستی یاریزانەکانن.
 
چیرۆکەکە بە پەیامێکی ئاگرین دەستیپێکرد کە یاریزانی گەنج، فێرمین لۆپێز، لەسەر هەژماری خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردەوە، پێش ئەوەی بەخێرایی بیسڕێتەوە، بەڵام ئەوە بەس بوو بۆ ورووژاندنی مشتومڕێکی زۆر.
 
فێرمین نووسیبووی "کەسە خراپەکان هەرگیز سەرناکەون، هەروەها ئەوانەی پشتیشت لێدەکەن، ئەوانەش کە خیانەت دەکەنە رێبازی ژیانیان و ترسنۆکی دەکەنە ئاڵاکەیان. ئەمە تەنیا مەسەلەی کاتە؛ چونکە ئەوانە هەموو رۆژێک دۆڕاون، لەبەرئەوەی ئەو دەمامکەی هەموو بەیانییەک دەیبەستن، زوو نامێنێت و رووی راستەقینەی خۆیان وەک چۆنن پیشانی جیهان دەدەن".
 
پەیامێک کە لە رواڵەتدا ناڕوون بوو، بەڵام دەرگای لەسەر لێشاوێک لە بۆچوون و گریمانە لەنێو ژووری جلگۆڕینی یانە کەتەلۆنییەکەدا کردەوە، بەتایبەتی دوای دزەپێکردنی زانیاری کە ئاماژە بەوە دەکات هاوڕێ کچەکەی فێرمین لۆپێز، کە لە گەشتی تیپەکە لە کۆریای باشوور لەگەڵیدا بووە، کەوتووەتە دەمەقاڵێیەکی تووندەوە لەگەڵ هاوڕێ کچەکەی گاڤی، هاوتیپی، کە ئەویش لەهەمان گەشتدا ئامادە بووە.
 
ئاگری کێشەکە هەر لێرەدا نەوەستاوە، بەڵکو چاودێران تێبینییان کردووە کە فێرمین هیچ پیرۆزباییەکی ئاراستەی گاڤی نەکرد لە رۆژی لەدایکبوونیدا، کە ئەمەش شتێکی سەرنجڕاکێشە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی کە لەنێوان هەردوو یاریزانەکەدا هەبوو.
 
لەگەڵ گەڕانەوەی تیپەکە بۆ ئیسپانیا، فێرمین لۆپێز بەخەمباری و بێدەنگی لە راهێنانەکاندا دەرکەوت، بەپێچەوانەی سروشتی راستەقینەی خۆی، کە هەمیسە گەشبین و قسەخۆشە. لەنێو قسەوباسەکاندا باس لەوە دەکرێت کە هەوڵدەدات خۆی لە تێکەڵبوون لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوکارەکانی لە ژووری جلگۆڕیندا بەدوور بگرێت.
 
دیمەنەکە ئاماژەیە بۆ بوونی گرژییەکی گەورە لە پشت پەردەوە، کە لەوانەیە پەیوەندیی بە تۆپی پێوە نەبێت، بەڵام لەوانەیە کاریگەریی راستەوخۆی هەبێت لەسەر دۆخی یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی ناو تیپەکە، لەگەڵ دەستپێکی وەرزێکدا کە بارسێلۆنا پێویستی بە سەقامگیرییەکی تەواوە هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە