رووداو دیجیتاڵ
دۆڕانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەرامبەر سلۆڤاکیا بەئەنجامی 2-0، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و گومانی زۆری دروستکرد لەسەر داهاتووی هەڵبژاردەکە.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یەکەم یاریدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، بە ئەنجامی 2-0 بەرامبەر هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا دۆڕا، ئەوەش یەکەم دۆڕانی هەڵبژاردەکە بوو لە مێژووی خۆیدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، لەبەرئەوە تووڕەییەکی زۆری لێکەوتەوە و لە هەموو لایەکەوە کاردانەوەی جیاواز هەبوو بۆ ئەو رووداوە.
یولیان نایگێلسمان، راهێنەری هەڵبژاردەکە، ئاماژەی بەوەدا کە یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە، هەست و سۆزی پێویستیان نییە بۆ هەڵبژاردەکە و ویستی بردنەوەیان وەک پێویست نییە، زیادیکرد و گوتی "وابزانم پێویستمان بەوەیە یاریزانی کوالێتیی نزمتر بانگێشت بکەین، پشت بە کۆمەڵێک یاریزانی ببەستین کە ئامادەن بۆ ئەوەی هەموو شتێک بکەن، چونکە ئەوە ئەنجامی باشتری دەهێنا لەو ئەنجامی کە باشترینەکان بەدەستیان هێنا"
کاپتنی هەڵبژاردەکە، جۆشوا کیمیچ، دانی بە خراپیی تیپەکە دانا و رایگەیاند کە هەڵبژاردەکە هیچ جۆشوخرۆش و چاونەترسییەکی لێ بەدی ناکرێت، هۆکاری ئاستە خراپەکەشی بۆ هەڵسوکەوتی خراپیی یاریزانەکان گەڕاندەوە.
جۆناسان تاش رایگەیاند کە ئاستی هەڵبژاردەکە زۆر خراپ بووە و پێویستە یاریزانەکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، هاندەران و میدیای ئەڵمانیا بەزەییان بە یاریزانەکان نەهاتەوە و رەخنەی تووندیان لە بەشێکیان گرت، فلۆریان ڤێرتز، بەهۆی هەڵە کوشندەکەی، کە بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا، گۆڵی یەکەم تۆماربکات، تووشی زۆرترین رەخنە بووەوە و تەنانەت بەشێک لە هاندەران، تانەیان لەو نرخە خەیاڵییە دا کە یانەی لیڤەرپوول بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە خەرجی کرد.
لۆتار ماتیۆس، ئەفسانەی هەڵبژاردەکە ئەوەی خستەڕوو کە ئاستە خراپەکەی هەڵبژاردەکە، ئەوی شۆک کردووە و ناتوانێت هیچ مۆرکێکی تۆپی پێی ئەڵمانی بەدی بکات لە هەڵبژاردەکەدا.
دۆڕانەکە، رووداوێکی دەگمەن نییە و بەشێکە لە ماوەیەکی خراپ، کە تۆپی پێی ئەڵمانیا پێیدا تێپەڕدەبێت، ئەو هەڵبژاردەیە 3 یاریی لەسەر یەکە تووشی دۆڕان دەبێت.
ئەو دابەزینەی ئاستەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، سەردێڕێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشی رۆژنامەکان بووە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو هەڵبژاردەیە، لە دوایین دوو وەشانی مۆندیالیدا، لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە ماڵئاوایی کردووە.
وەک بەشێک لە یاریزانەکان و راهێنەری هەڵبژاردەکە خستییانەڕوو، نەبوونی جۆشوخرۆشێکی زۆر بۆ یاریکردن لە هەڵبژاردەکە، وایکردووە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردە مامناوەندەکان، کە بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە یاریی دەکەن، سەخت بێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، هەڵەکانی هێڵی بەرگری لە چەند ساڵی رابردوودا، بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکە هەبووە، دووبارەبوونەوەی هەڵە زەقەکان و بەخشینەوەی گۆڵ بە تیپی بەرامبەر، دیمەنێکی زۆر دووبارەیە لە هەڵبژاردەکە.
بەشێک لە رەخنەگران پێیانوایە، کێشەکە نەک تەنیا لە هەڵبژاردە، بەڵکو لە تۆپی پێی ئەڵمانیاوە بەگشتی سەرهەڵدەدات، ئەوان پێیانوایە کە تۆپی پێی ئەو وڵاتە شکستی هێناوە لە دروستکردنی ئەستێرەی لاو لە شوێنە گرنگەکانی پێکهاتەی هەڵبژاردەکە، بەپێچەوانەوە، لە ماوەکانی پێش 2018، ئەڵمانیا ناسراوبوو بە دروستکردنی زۆرترین بەهرەداری لاو و هەردەم راهێنەری هەڵبژاردەکە، بژاردەی زۆری دەبوو.
لەدوای نەوە زێڕینەکەی مۆندیالی 2014ەوە، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا شکستی هێناوە لەوەی پێکهاتەیەکی بەهێز دروستبکات بۆ ئەوەی دووبارە رکابەری لەسەر نازناوە کیشوەرییەکان بکاتەوە، ئەو هەڵبژاردەیە ئێستا لە پلەی 9م دێت لە ریزبەندیی فیفا و زیاتر لە 8 ساڵە، هیچ نازناوێکی فەرمی نەبردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ