ئەڵمانیا لەبەردەم دووڕیانێکی مەترسیداردایە

09-10-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی بەلجیکا کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدا دەبێت، کاتێک لە گەڕی ئەمجارەی پاڵاوتنەکاندا رووبەڕووی لۆکسمبۆرگ دەبێتەوە.
 
رۆژی هەینی، پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردە ئەورووپییەکان گەڕێکی دیکەی یارییەکان ئەنجامدەدەن و سەرنجی زۆر لەسەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەبێت.
 
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، پاش بەدەستهێنانی سێ خاڵ لە دوو یاریی یەکەمی پاڵاوتنەکان، هەوڵی گەیشتنەوە بەپێشەنگی کۆمەڵەکەی دەدات کاتێک لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی لۆکسمبۆرگ دەکات کە تاوەکو ئێستا هیچ خاڵێکی لە پاڵاوتنەکاندا بەدەستنەهێناوە.
 
نایگێلسمان و یاریزانەکانی لە ژێر گوشارێکی زۆری میدیا و هاندەراندان، بەتایبەت کە هەڵبژاردەکە لە دوایین 4 یاریدا سێ یاریی دۆڕاوە. سەرکەوتن بەسەر لۆکسمبۆرگ، بەشێک لە گوشارەکانی سەریان کەمدەکاتەوە.
 
لە یارییەکی دیکەی هەینی و لە هەمان کۆمەڵەدا ،هەڵبژاردەی سلۆڤاکیای پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە، یارییەکی زەحمەت بەرامبەر ئێرلەندای باکوور ئەنجامدەدات کە دووەمی ریزبەندیی کۆمەڵەکەیە.
 
سلۆڤاکیا بە سەرەتایەکی نایاب دەستی پێکردووە لە کۆی دوو یاری توانیویەتی 6 خاڵ بە دەست بهێنێت، لە بەرامبەردا ئێرلەندای باکوور، دەیەوێت سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت و لە بازنەی ململانێی سەرکەوتنی راستەوخۆ بۆ مۆندیال بمێنێتەوە.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، سویسرا دەبێتە میوانی سوێد و چاوی لە سەرکەوتنێکی دیکەیە. سویسرا دەیەوێت بەردەوامی بە زنجیرە بەشداریکردنەکانی لە مۆندیال بدات کە لە دوایین پێنج مۆندیالەدا بەشداربوویەکی بەردەوام بووە. سویسرا خاوەنی 6 خاڵە لە دوو یاریدا، لە کاتێکدا سوێد تەنیا یەک خاڵی هەیە لە دوو یاریی سەرەتای پاڵاوتنەکان و هەر ئەنجامێکی جگە لە بردنەوە، ئومێدەکانی بۆ گەیشتن بەمۆندیال لاواز دەکات.
 
لە هەمان کۆمەڵەدا، کۆسۆڤۆی دووەمی ریزبەندی، خەون بە گەیشتن بە مۆندیالەوە دەبینێت بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا. لە گەڕی ئەمجارەدا، رووبەڕووی سلۆڤینیای دوایەمینی ریزبەندی کۆمەڵەکە دەبێتەوە کە نەیتوانیوە تاوەکو ئێستا هیچ خاڵێک کۆبکاتەوە.
 
لە یارییەکی دیکەی شەوەکەدا، پارک دو فرانس بۆ فەرەنسییەکان دەبێتە مەیدانی تاقیکردنەوەیەکی دیکە، بەڵام چەندە چاوەڕوانییەکان بۆ دەرکەوتنی هەڵبژاردەکەیە، ئەوەندەش سەرنجەکان لەسەر ئەگەری بەشداریکردن و نەکردنی، کیلیان ئێمباپێی کاپتنە کە لە رۆژانی رابردوودا سووکە پێکانێکی هەبووە.
 
فەرەنسا پێشەنگی کۆمەڵەکەیەتی بە 6 خاڵ، میوانداریی ئازەربایجانی چوارەمی ریزبەندی دەبێتەوە کە توانیویەتی تەنیا یەک خاڵ کۆبکاتەوە.
 
لە هەمان رۆژ و کۆمەڵەدا ئایسلەندا میوانداری ئۆکراینا دەکات. ئایسلەندا خاوەنی ٣ خاڵە و دووەمی کۆمەڵەکەیە، بە خەونی دووبارە گەیشتنەوە بە مۆندیال یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆکراینای سێیەمی کۆمەڵەکە دەکات کە خاوەنی تەنیا خاڵێکە.
 
لە کۆمەڵەی دەیەمدا، دوو یاری ئەنجام دەدرێن کە گرنگترینیان یارییەکەی بەلجیکا و مەسەدۆنیای باکوورە.
 
کوڕانی رۆدی گارسیا کە لە دووەمی ریزبەندییەکەدان بە 10 خاڵ، رووبەڕووی هەڵبژاردەی مەسەدۆنیای باکووری پێشەنگی کۆمەڵەکە دەبنەوە کە تاوەکو ئێستا ئاستێکی چاوەڕواننەکراویان پێشکێش کردووە.
 
بەلجیکا بەپشتبەستن بە ئەستێرەکانی، دەیەوێت لە یارییەکەی ئەمشەودا، پێشەنگی کۆمەڵەکە مسۆگەر بکات، بەتایبەت کە مەسەدۆنیای باکوور یارییەکی زیاتر ئەنجامداوە.
   
لە هەمان کۆمەڵەدا، کازاخستان و لیخنشتاین لە کاتێکدا رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە کە هەردووکیان هیچ ئومێدیکیان بە سەرکەوتن بۆ مۆندیال نەماوە.
 
خشتەی تەواوی یارییەکانی ئەمشەو لە پاڵاوتنەکانی ئەورووپا بۆ مۆندیالی 2026:
 
ئەڵمانیا - لۆکسمبۆرگ 21:45
 
ئێرلەندای باکوور - سلۆڤاکیا 21:45
 
کۆسۆڤۆ - سلۆڤینیا 21:45
 
سوێد - سویسرا 21:45
 
فەرەنسا - ئازەربایجان 21:45
 
ئایسلەندا - ئۆکراینا 21:45
 
کازاخستان - لیخنشتاین 17:00
 
بەلجیکا - مەسەدۆنیای باکوور 21:45
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە