باوکی یامال لە یاریگەی ریال بێتیس کێشە بۆ خۆی و کوڕەکەی دروستدەکات

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن مونیر نەسراوی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

دوێنی شەو لە بردنەوەیەکی گرنگدا بارسێلۆنا توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت، بەڵام باوکی لامين یامال بووە باسی گەرمی میدیاکان، نەک بەهۆی دڵخۆشییەوە، بەڵکو بەهۆی دروستکردنی گرژی لەگەڵ هاندەرانی تیپی بەرامبەر کە وایکرد دەستوەردان بکرێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئەمانە لەکاتێکدایە کوڕەکەی خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی لالیگای بەدەستهێناوە.
 
بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، لە کاتی یاریی نێوان ریال بێتیس و بارسێلۆنا، باوکی لامين یامال لە شوێنی دانیشتنی خۆیەوە هەندێک ئاماژەی بۆ هاندەرانی ریال بێتێس کردووە و ئەوەش بووەتە هۆی تووڕەکردنی هاندەران و دروستبوونی دۆخێکی نالەبار. میدیاکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک پۆلیسی یاریگە و ئاسایش دەستوەردان بکەن و داوا لە باوکی یاریزانەکە بکەن هێمن بێتەوە، تەنانەت شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن ساتێک هەبووە مەترسی روودانی شەڕی لێکراوە.
 
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئاستێکی بەرزی پێشکێش کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 4-1 لە ریال بێتیس بردەوە. لە یارییەکەدا فێران تۆرێس هاتریکی تۆمارکرد و لامين یامال و روونی بەرداخچی گۆڵەکانی دیکەیان تۆمارکرد، بەمەش یانە کەتەلۆنییەکە پێگەی خۆی لە پێشەنگی خولەکە بەهێزتر کرد و جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ 4 خاڵ بەرزکردەوە. لەم یارییەدا هانزی فلیک بڕیاریدا پشوو بە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بدات و یامال لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوو.
 
جگە لە گۆڵەکە، یامال وەک باشترین یاریزانی مانگی رابردووی لالیگا دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی لە مانگی 11ـدا ئاستێکی ناوازەی پێشکێش کرد و سێ گۆڵ و سێ ئەسیستی هەبوو، بەمەش پێش هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ و ئانتوان گریزمان کەوت لە دەنگدانەکاندا.
 
یامال سەبارەت بەم دەستکەوتانە و گوشارەکان دەڵێت "تۆپی پێ هەموو شتێکە بۆ من و یەکەم خۆشەویستی ژیانمە. کاتێک لە گەڕەک یارییم دەکرد و خەڵک چێژیان لێ دەبینی، خۆشترین هەست بوو. من هەست بە گوشار ناکەم کاتێک یاریی دەکەم، تەنیا هەوڵدەدەم چێژی لێ وەربگرم".
 
یاریزانە تەمەن 18 ساڵانەکە هەمیشە پشتگیری دایک و باوکی کردووە و زیاتر دەڵێت "گوشاری راستەقینە ئەوەیە دایک و باوکم بینیویانە، بەڕێوەبردنی خێزان و کارکردن و کڕینی دیاری، ئەوە گوشاری راستەقینەیە نەک یارییکردن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە