ڤیدیۆ؛ پاڵەوانێکی کوردی هونەرەکانی شەڕ لە بەریتانیا دەیەوێت نازناوێکی جیهانی بباتەوە

08-01-2022
ئیحسان تاهیر
کۆیار کوردی
کۆیار کوردی
نیشانەکردن کۆیار کوردی هونەرەکانی بەرگری شەڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خەونی ئەو گەورەیە و دەیەوێت بە ئاڵای کوردستانەوە نازناوێکی جیهانی بباتەوە، ئەو کۆیار کوردییە، پاڵەوانێکی کوردی هونەرەکانی بەرگری شەڕە، لە بەریتانیا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە.
 
کۆیار کوردی، گەنجێکی باشووری کوردستانە، خەڵکی پیرەمەگروونە، لە ساڵی 2014 چووەتە بەریتانیا و لە شاری بێرمنگهام دەژیت، ئەو لە 2017 لە بەریتانیا دەستی بەم وەرزشە کردووە، چونکە وەکخۆی دەڵێت لە 2014 کاتێک لە کوردستان رۆیشت ئەو یارییە لەوێ نەبوو، کە گەیشتە بەریتانیاش یان دەبووایە لە کارکردن بێت یان لە ماڵەوە بمێنێتەوە، ئەوە هانیدا خۆی سەرقاڵی وەرزشێک بکات، ئیدی ئەو یارییەی هەڵبژارد.
 
کۆیار دەڵێت "من خەونم هەبوو، بەخۆم گوت بۆ ئەوە نەهاتووم لە ماڵەوە بمێنمەوە، پێویستە بۆ خانەوادەکەم و وڵاتەکەشم بسەلمێنم، کە خەونم هەیە و توانای هێنانەدی خەونەکشم هەیە، ئیدی دەستم بە مەشقەکان کرد و بەڵێنم بە مامۆستاکانم دا کە جددی دەبم و خەونم هەیە، ئیدی ئەوان زۆر یارمەتییان دام و یارییەکانیان بۆ رێکخستم".
 
کۆیار، کە هەندێجاریش بە کۆیار پیرەمەگروونی ناودەبرێت، تاوەکو ئێستا 5 یاری ئەنجامداوە، لە چواریاندا سەرکەوتوو بووە و تەنیا لە یەک یارییدا تووشی شکست بووە، بەڵام دوایین دوو یاری بردووەتەوە، تاکە دۆڕانەکەی بۆ ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە.
 
کۆیار، بەر لە دوو مانگ بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی ئەوروپیدا کرد بە ناوی golden ticket fight promotions، کە ماریۆ سەیدی پاڵەوانی کوردیش بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا کردبوو، ئەوە جاری یەکەم بوو دوو پاڵەوانی کورد پێکەوە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی ئەوروپی لەو ئاستەدا بکەن.
 
کۆیار کوردی، گەنجێکی نیشتیمانپەروەرە، لە هەر یارییەکدا بێجگە لە ئاڵای کوردستان هەموو شتێکی بەو ئاڵایە نەخشاندووە، جلەکانی و تەنانەت پارێزەری ددانەکانیشی ئاڵای کوردستانە.
 
ئێستا ئەو پاڵەوانە کوردە ناوبانگێکی باشی دەرکردووە، کە لە ئینیستاگرام نزیکەی 40 هەزار فۆلۆوەرسی هەیە، خۆی بە قەرزاری هاندەرانی دەزانێت، کە وەکخۆی دەڵێت، لە هەموو شوێنێکەوە هانی دەدەن، بەڵام لە هەمووان زیاتر خۆی بە قەرزاری دایکی دەزانێت.
 
ئەو باسی دایک و باوکی دەکات و دەڵێت "لەوەتەی 2014 دایک و باوکم نەبینیەوەتەوە، بۆیە دەمەوێت بە نازناوێکی گەورەوە بگەڕێمەوە کوردستان، بۆ بینینی دایکم، کە بەڕاستی زۆر قەرزداری دایکمم، هەمیشە هەست و سۆز و خۆشەویستی خۆی پێبەخشیوم، ئەو بەردەوام هانیداوم".
 
ئەو پاڵەوانە گەنجە کوردە، ویستی لە رێگەی رووداوەوە ئاواتەکانی بە هەموو هاندەرێکی رابگەینێت و گوتی "ئاواتی منە ئاڵای کوردستان بشەکێنمەوە و یارمەتی یاریزانانی نوێ بدەم ئەوانەی کوردن، چونکە من کە دەستم پێکرد، کەسم نەبوو یارمەتیم بدات، بۆ من زۆر زەحمەت بوو، ژیان لێرە زۆر زەحمەتە، دەبێت بە درێژایی رۆژ کاربکەی بۆ ئەوەی بژیت، من لە کاژێر 8 بەیانی تاوەکو 6 کارم دەکرد و لە شەشیشەوە تاوەکو 9 دەچوومە راهێنانەکانم". 
 
کۆیار هیوادارە رۆژێک دابێت نازناوێکی جیهانی بباتەوە، کە زۆر لەوە دوورنییە و هێشتا تەمەنی بچووکە، ئەو دەیەوێت ناوی وڵاتەکەی و نیشتیمانەکەی بەرز بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە