رووداو دیجیتاڵ
لە پاش یەکسانبوونەکەی هەفتەی پێشوو بەرامبەر ئیسپانیۆل و لە یارییەکدا کە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بەهۆی سزای راگرتنەوە بەشداری تێدا ناکات، پێناچێ ئەرکی بارسێلۆنا لە یاریگەی میترۆپۆلیتانۆدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئەرکێکی ئاسان بێت.
بە ئاوڕدانەوە لە یارییەکانی هەفتەکانی رابردووی هەردوو یانە، بەتایبەت بەر لە راوەستانی لالیگا بەهۆی مۆندیالی قەتەرەوە، ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەمجارەش وەک زۆر جاری دیکە توانای دەرەقەت هاتن و بردنەوە لە بارسێلۆنای نییە، بەڵام پێویستیی تیپەکە بۆ جێپێ قایمترکردن لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە و تەنانەت بیرکردنەوە لە گەیشتن بە پلەی سێیەمی خولەکە، وا دەکات ئاتلێتیکۆ هەوڵی زۆر بدات بۆ بردنەوەی یارییەکە.
ئاتلێتیکۆ ئەمساڵ کێشەی گەورەی لە نەبوونی سەقامگیری و بەدەستنەهێنانی هاوسەنگیدا هەیە.. دەکرێ پشووە ناچارییەکەی مۆندیال، هەلێکی باش بووبێت بۆ دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەر، تاوەکو پێداچوونەوە بە شێوازی یاریکردن و سیستمی کارکردنی خۆی و تیپەکەیدا بکات و هەوڵبدات دۆخی یانەکەی بخاتەوە سەر سەقامگیری.
تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی پاڵنەرێکی دەروونیی باشی پێگەیشت پاشئەوەی هەریەکە لە جواو فیلێکس، ستیڤان ساڤیچ و رۆدریگۆ دی پاول پەیوەندییان بە مەشقەکانی تیپەکەوە کردەوە و دەستەی پزیشکیی یانەکەش رایگەیاند، ئەوان ئازارە جیاوازەکانی جەستەیان بەهۆی پێکانەکانەوە تێپەڕاند.
بارسێلۆنا لە تاقیکردنەوەیەکی قورسدا دەبێت بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، پرسیارە گەورەکە لەسەرئەوەیە کام یاریزان لە پێکهاتەکەی بارسادا دەتوانن بۆشایی لیڤا پڕ بکەنەوە؟ بەتایبەت کە ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا گۆڵکەری یانەکەی و لالیگاشە و سیانزە گۆڵی تۆمارکردووە.
تاقیکردنەوەی بارسا بەبێ لیڤاندۆڤسکی و کاریگەرییەکانی ئەو هێرشبەرە، بۆ بارسا تاوەکو سێ یاری داهاتوو بەردەوام دەبێت. ئەگەر چاڤی راهێنەر بیەوێت لەو سێ یارییەدا کە قورسترینیان بەرامبەر ئاتلێتیکۆیە یانەکەی لە چوارچێوەی رکابەری لەسەر نازناوی خولەکە بهێڵێتەوە، دەبێ هێرشبەرەکانی کاریگەرتربن لە بەرامبەر گۆڵی ئاتلێتیکۆدا.
پێشبینیکراوە ئانسۆ فاتی، هێرشبەری سەرەڕمی یانەکە بێت لە یارییەکەدا، بەڵام جگە لە لیڤا، هیچ کام لە هێرشبەرەکانی دیکەی بارسێلۆنا ئەو کاریگەرییە گەورەیەیان لە بەرامبەر گۆڵی رکابەرانی یانەکەدا پێشان نەداوە و عوسمان دێمبلی کە لە دوای لیڤاوە کاریگەرترین لە نێو پێکهاتەکەی بارسادا، تاوەکو ئێستا تەنیا چوار گۆڵی تۆمارکردووە و عوسمان هەرگیز وەک هێرشبەری سەرەڕم یارینەکردووە، تاوەکو چاڤی بوێریی ئەوە بکات، لە بەرامبەر ئاتلێتیکۆدا، لەو شوێنەدا یاری پێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ