رووداو دیجیتاڵ
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، دەڵێت "ئەم یارییەمان بەرامبەر ریال مەدرید زۆر جیاوازە لەو یارییەی بە 5 گۆڵ لێمان بردنەوە". چابی ئەلۆنسۆش دەڵێت "ئێمە دەتوانین رکابەری لەسەر هەموو نازناوەکان بکەین".
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، ریال مەدرید لە سعودیە، لە یاریی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە و براوەی یارییەکە دەچێتە یاریی کۆتایی و رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە، کە دوای بردنەوە لە ئاتلێتیک بیلباو بەئەنجامی 5-0 بلیتێکی فایناڵی بەدەستهێنا.
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، لە ئاتلێتیکۆ مەدرید، کۆکی کاپتن لەگەڵ دیێگۆ سیمیۆنیی راهێنەر ئامادەی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بوو، لە ریال مەدریدیش جود بێلینگهام لەگەڵ راهێنەرەکەی چابی ئەلۆنسۆ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
ئەمە پوختەی قسەکانی هەر چواریانە:
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید:
ئایا جولیان ئەلڤارێز پێویستی بە هاندانە؟ هەندێکجار پێویست ناکات قسە بکەیت، تەنیا پێویستە لێی نزیک بیتەوە. هەندێکجار نزیکبوونەوەکە بۆ قسەکردن نییە لەسەر تۆپی پێ، بەڵکو بۆ قسەکردنە لەسەر لایەنە گرنگەکانی دیکەی ژیان. من وای دەبینم کە دەبێت بەسادەیی مامەڵە بکەین؛ لە پشتی ئەو یاریزانەوە، مرۆڤێک هەیە، بۆ من گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەو مرۆڤە لەڕووی دەروونییەوە باش بێت، ئینجا یاریزانەکە.
ئایا وەک راهێنەر دێمە سعودیە؟ لەڕاستدیا ئێمەی راهێنەران هەرگیز دەرگاکان بەڕووی هیچ ئەگەرێکدا داناناخەین. دەزانین کە تۆپی پێ و ژیان بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. لەبەر ئەوە، لە پێگەی خۆمەوە دەڵێم: هیچ دەرگایەک بۆ داهاتوو دانەخراوە.
هەموو یارییەک کە دەستپێدەکات، جیاوازە لەوەی پێش خۆی. بڕوام وایە ئەو یارییەی لە میترۆپۆلیتانۆ کردمان، هیچ پەیوەندییەکی بە یارییەکەی ئەمجارەوە نابێت. هەریەک لە ئێمە بە خاڵە بەهێزەکانی خۆمانەوە دەچینە ناو یاریگە و ئەو پلانە جێبەجێ دەکەین کە پێویستە بۆ ئەوەی لەم پاڵەوانێتییەدا بمێنینەوە.
کۆکی، کاپتنی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید:
ئاسانترین رێگا بۆ نازناو؟ بەڕاستیتە؟! لەوانەیە لەڕووی کەمیی ژمارەی یارییەکانەوە وابێت، بەڵام بێگومان ئاسان نییە. ئێستا ئێمە لە هەموو کاتێک لە نازناوێک نزیکترین، یەکەم هەنگاویشمان بەرامبەر ریال مەدریدە کە یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان. یارییەکە زۆر سەخت دەبێت، بەڵام ئەوانیش رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبنەوە؛ ئێمە هەموو شتێک پێشکەش دەکەین، ژیانی خۆمان لەناو یاریگەدا دادەنێین، چونکە نازناومان دەوێت. ساڵانێکی زۆرە کار دەکەین بۆ ئەوەی ببینە پاڵەوان، بەیانیش یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ گەیشتن بەو خەونە.
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
لە وەرزێکی درێژدا، هەموو جۆرە ساتێک دەبینیت و دەبێت بڕیاری ئازایانە بدەیت. بەداخەوە لە تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی رابردوودا بەهۆی پێکانە زۆرەکانەوە بەقۆناخێکی سەختدا تێپەڕین، بژاردەی زۆرمان لەبەردەست نەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، تیپەکە گەشەی کردووە و لە پێگەیەکداین کە دەتوانین رکابەری لەسەر هەموو نازناوەکان بکەین. تەنیا چوار رۆژمان ماوە بۆ یەکەم نازناو، با ببینین چی روودەدات.
سەبارەت بەدوایین دۆڕانمان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، بێگومان دەمانەوێت یارییەکی تەواو جیاواز بکەین. نابێت هەڵەکانی ئەو یارییە دووبارە بکەینەوە، هۆکارەکان بۆ ئێمە زۆر روونن. بۆ یارییەکەی ئەمجارە دەبێت لە ئاستێکی زۆر بەرزتردا بین. ئەم یارییە چیرۆکیکی نوێیە و دڵنیام تیپەکەم بە رووخسارێکی جیاواز، وزەیەکی نوێ و ئاستێکی بەرزتر دەردەکەوێت.
لەگەڵ ڤینیسیۆس هیچ کێشەیەکمان نییە. من رۆژانە دەیبینم، وەک هەمیشە پڕە لە وزەی ئەرێنی. ئەو هیچ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر تیپەکە نییە و رێگر نییە لەو ئامانجانەی هەوڵی بۆ دەدەین. پەیوەندییەکی زۆر بەهێزم لەگەڵ ڤینی هەیە و 100٪ پشتگیری دەکەم. ئەگەر هەستم بکردایە شتێک دەکات زیان بە تیپەکە و خەونەکانمان دەگەیێنێت، بێگومان پێمدەگوت، بەڵام شتی وا بوونی نییە. راستە ئێستا لەبەردەم گۆڵدا کەمێک بێبەختە، بەڵام دڵنیام بەو متمانەیەی پێی دەدەین، دەگەڕێتەوە سەر ئاستە بەرزەکەی.
جود بێلینگهام، یاریزانی یانەی ریال مەدرید:
دۆڕان لەم پاڵەوانێتییەدا کارەسات نییە. لە ریال مەدرید وایە، هەندێکجار لە ساتە خراپەکاندا زیادەڕۆیی لە وەسفکردنی دۆخەکە دەکرێت، بەڵام ئەمە بەشێکە لەو گوشارەی کە خۆشمان دەوێت. لە دیدی منەوە هەموو یاریزانەکان لەپشت راهێنەرین. هیوای بردنەوە دەخوازین، بەڵام ئەگەر شتێکی دیکەش رووبدات، بڕیاردان لەو بارەیەوە لە دەسەڵاتی مندا نییە و لە ئاستێکی زۆر بەرزتر لە منەوەیە.
من زۆر گرنگی بە ژمارەی گۆڵەکان نادەم. دەزانم هەموو ساڵێک گۆڵ دەکەم و متمانەم بەخۆم هەیە، تەنانەت ساڵی رابردووش لە شوێنێکی جیاواز وابزانم 15 گۆڵم کرد کە ژمارەیەکی خراپ نییە. بەڵام ئێستا چێژ لە رۆڵە نوێیەکەم دەبینم؛ لە قوڵایی یاریگەدا یاری دەکەم و زیاتر کاریگەریم لەسەر دروستکردنی هێرشەکان هەیە. ئەرکی من ئێستا وەک 'بڕبڕەی پشتە' بۆ گرێدانەوەی هێڵەکانی یاریگە بەیەکدی. بۆ من وەک یاریزانێکی ناوەڕاست، گۆڵکردن هەرگیز گرنگترین شت نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ