بەهۆی باڵۆندۆرەکەی رۆدرییەوە، ڤینیسیۆس هەڕەشەی رۆیشتن لە ریال مەدرید دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن باڵۆندۆر رۆدری ڤینیسیۆس جونیۆر یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە بەدەستنەهێنانی باڵۆندۆر لەلایەن ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدریدەوە، کێشەی لە نێو ئەو یانەیەدا دروستکرد و یاریزانە بەرازیلییەکە، هەڕەشەی رۆیشتنی لە یانەکە کردووە.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەربژێری سەرەکیی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆری 2024 بوو. تاوەکو ئێوارەی رۆژی دابەشکردنی خەڵاتەکەش، هەموو پێشبینییەکان بەرەو بەدەستهێنانی خەڵاتەکەبوون لەلایەن ئەو ئەستێرەیەوە، بەرلەوەی چەند کاژێرێکی کەم بەر لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکە، بردنەوەی لەلایەن رۆدری، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتییەوە ئاشکرا بکرێت.
 
پێدانی خەڵاتەکە بە رۆدری، ئەوکات مشتومڕ و کێشەی گەورەی بەداواداهات، سەرپەرشتیارانی خەڵاتەکە بەشێکی گەورەی راستگۆیی خۆیان بەرامبەر هاندەرانی تۆپی پێ لەدەستدا، چونکە ڤینیسیۆس کە براوەی چامپیۆنزلیگی ساڵی پێشتربوو، بەبڕوای هەمووان، شایستەترینی باڵۆندۆربوو، لە کاتێکدا سەرپەرشتیارانی خەڵاتەکە گوتیان، ئەوەی روویداوە بەهۆی بەدەستهێنانی دەنگی زیاترەوە بووە لەلایەن یاریزانەکەی مانچێستەر سیتی.
 
ئەو کێشەیەی ئەوکات دروستبوو، جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە، پاشئەوەی سەرچاوەکان باسیان لە ویستی گەورەی ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆدری لە هاوینی داهاتوودا کردووە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر کە گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 تەواو دەبێت، هەڕەشەی رۆیشتنی لە ریال مەدرید کردووە، ئەگەر گرێبەست لەگەڵ رۆدری بکەن.
 
تۆڕی 'گیڤ می سپۆرت'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ڤینی بەبەرپرسانی ریال مەدریدی گوتووە، ئەگەر هەوڵتاندا گرێبەست لەگەڵ رۆدری بکەن، هەوڵیش بدەن من لە یانەکە بڕۆم.
 
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، ڤینیسیۆس پێیوایە رۆدری بەشێک بووە لەو ناهەقییەی لە باڵۆندۆردا بەرامبەری کرا، هەربۆیە گەیشتنی ئەو یاریزانە ئیسپانییە بۆ ریال مەدرید، ئەو بۆمبە دەبێت کە کەس پێشبینی ئاکامی تەقینەوەکەی ناکات.
 
لەسەر هەمان رووداو، هەردوو سەرچاوە 'ئێل ناسیۆنال' و 'سپۆرتس ئیلیستریتد' کە هەردووکیان ئیسپانین، دووپاتیدەکەنەوە کە ڤینی گوتوویەتی، تەنیا یەک بژاردە هەیە، یان مانەوەی من، یان گرێبەستکردن لەگەڵ رۆدری.
 
ئەو دوو سەرچاوەیە دووپاتیانکردووەتەوە، لەو هەڵوێستەدا ڤینیسیۆس تەنیا نییە، بەڵکو کاماڤینگاش هەمان بۆچوونی هەیە و پێیوایە، نابێ ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ رۆدری بکات.
 
رۆدری ئەگەرچی رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2022 - 2023 لەلایەن یانەی مانچێستەر سیتییەوە، بەڵام لە دوای ئەو وەرزەوە یاریزانەکە دووچاری پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بوو و پاش گەڕانەوەش، بەدەست زنجیرەیەک پێکانی بەردەوامەوە دەناڵێنیت و هەر ئەوەش وایکردووە، شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیی مانچێستەر سیتی لەدەست بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە