رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا ماوەی چەند رۆژێکە باس لە گرنگیپێدانی یانەی ریال مەدرید بە رۆدری، ناوەڕاستکاری یانەی مانچێستەر سیتی دەکرێت، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ بکرێت، بەڵام راپۆرتێکی رۆژنامەڤانییەکان ئەو دەنگۆیە رەتدەکاتەوە.
خۆسێ فێلیکس دیاز، رۆژنامەڤانێکی نێوداری ئیسپانیایە و لە رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی کاردەکات، دەڵێت "ریال مەدرید بەشێوەیەکی کۆتایی بیر لە رۆدری ناکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا ناوەڕاستکارێک بگوازێتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە رۆدری نییە.
سەرچاوەکە زیاتر دەڵێت، یانەی شاهانە سێ یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی لە پلانەکانیدا داناوە، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا رکابەری لەسەر گواستنەوەیان بکات، یەکێک لەوانە ئادەم وارتن، یاریزانی ئینگلیزی و تەمەن 22 ساڵی یانەی کریستال پاڵاسی ئینگلیزییە، ئەوەی دیکەیان کێس سمیت، یاریزانی هۆڵەندی و تەمەن 20 ساڵی یانەی ئەلکمارە و بژاردەکەی دیکەشیان، ڤیتینیای پۆرتوگالی و ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانە، بەڵام ڤینتیا چەند رۆژێک لەمەوبەر لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە چوونی بۆ ریال مەدرید گوتی من لە پاریس سانجێرمان زۆر دڵخۆشم و هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی لە یانەکە بڕۆم.
ریال مەدرید لەم وەرزەدا لە دۆخێکی زۆرباشدا نییە، لە لالیگادا لە پلەی دووەمی ریزبەندە، لە چامپیۆنزلیگدا نەیتوانی بە قۆناخی خول بگاتە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، لە جامی شای ئیسپانیا کرایە دەرەوە و نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیاشی لەدەستدا، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا یانەکە گۆڕانکاری لە تیپەکەیدا بکات.
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە باس لەوە دەکرێت ریال مەدرید دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ رۆدری بکات، بەڵام دەنگۆی ئەوەش هەبوو کە ڤینیسیۆس جونیۆر بەتەواوی دژی ئەو بیرۆکەیە و نایەوێت یاریزانەکە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات.
رۆدری، تەمەنی 29 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە ساڵی 2027 کۆتاییدێت، ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی دەگاتە 75 ملیۆن یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ