رووداو دیجیتاڵ
بێرناردۆ سێلڤا، ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "دەمانەوێت لەنێویان ببەین". دەشڵێت "گەمژەین ئەگەر رێز لە ریال مەدرید نەگرین، بەڵام لێشی ناترسین".
سبەی سێشەممە، کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ میوانداری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەکات.
بێرناردۆ سەبارەت بەو یارییە قسەی بۆ میدیاکان کرد و رەتیکردەوە باسی سیحری ریال مەدرید بکات لە چامپیۆنزلیگ، کە پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەیەتی، گوتی "رێزێکی زۆرمان بۆ ریال مەدرید هەیە، بەڵام هیچ ترسێکمان لێیان نییە، بۆچی لێیان بترسین؟".
یاریزانی پۆرتوگالی، ئاماژەی بەوەشکرد، تۆپی پێ هەرگیز پەیوەندی بە دروشمەوە نییە، ئەگەر ریال مەدرید مۆدریچ، کرۆس، ڤینیسیۆس و بنزیمای نەبێت، هیچ شتێک ناباتەوە، چونکە درێسەکە بە تەنیا ئەو کارە ناکات".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی "ئێمە گەمژە دەبین ئەگەر رێز لە ریال مەدرید نەگرین، بەڵام ئامانجێکمان هەیە، ئەویش لەنێوبردنی ئەوانە، بەو پێیەی دەزانین ساڵی رابردوو لە هەلومەرجێکی سەختدا دۆڕاین، بەڵام جیاوازی دروست دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ