رووداو دیجیتاڵ
دیدێ دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا پێیوایە باشترین شوێنی یارییکردن بۆ کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری هەڵبژاردەکەی، سەرەڕمە، لە کاتێکدا ئەمساڵ زۆرینەی یارییەکان لەو شوێنەدا یارییکردووە.
دیشام لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەر لە یاریی بەرامبەر ئەڵمانیا لە نەیشنسلیگ، گوتی ، "ئێمباپێ لەگەڵ شوێنە نوێیەکەی یارییکردنی لەنێو یاریگە راهاتووە، ئەو زۆر کاریگەرە لەوێدا، بەڕێکەوت نییە وەرزەکەی وەک گۆڵکاری ئەورووپا کۆتایی پێهێناوە، هیچ هێرشبەرێک گۆڵی لەو زیاتر تۆمارنەکردووە".
ئەو هەروەها دەڵێ، " راستە هەمان ئەو تایبەتمەندییانەی نییە کە هێرشبەرێکی وەک ژیرۆ هەیبوو، بەڵام من پێموایە بەیارییکردن لەو شوێنەدا باشتر دەردەکەوێت و ئەوە باشترین شوێنی یارییکردنە بۆ ئەو".
ئێمباپێ پێشتر رایگەیاندبوو هێواش هێواش لەسەر یارییکردن وەک هێرشبەری سەرەڕم راهاتووە.
کیلیان لای خۆیەوە گوتبووی، "کاتێک دەبیتە ژمار 9 لە یانە و هەڵبژاردە وەک یەک نییە، بەڵام من پێموایە لە هەندێک لایەنەوە گەشەم کردووە، لەگەڵ شوێنەکەدا رادێم، لە تۆپی پێدا هەندێک شت روودەدەن پێشتر بیرت لێنەکردووەتەوە، ئەوەتا من بوومەتە هێرشبەری سەرەڕم".
ئێمباپێ لە وەرزی رابردوودا کێشەی ئەوەی هەبوو لە هەڵبژاردەکەی وەک هێرشبەری سەرەڕم یارییدەکرد، لە کاتێکدا لە یانەکەی وەک هێرشبەری باڵ بوو.
کیلیان کە هاوینی رابردوو بێبەرامبەر روویکردە ریال مەدرید، لە زۆرینەی کاتی وەرزەکەدا لە یانەکەی وەک هێرشبەری سەرەڕم دەرکەوت، بەهۆی بوونی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە باڵی چەپی یانەکە.
ئێمباپێ ئەمڕۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لەسەر پلەی سێیەمی نەیشنسلیگ، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ