رووداو هەولێر
وەلید جەلیل، شوفێرێکی لاوی یاریی درێفتە، خەڵکی شاری هەولێرە، دوای ئەزموونێکی زۆر لە خولیاکەی بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی جیهانی وڵاتی قوبرس کرد و دەیەوێت هەنگاوی داهاتووی بەدەستهێنانی نازناوێکی جیهانی بێت.
ئەو وەرزشوانە کوردە تەمەنی 34 ساڵە و ماوەی سێزدە ساڵە خولیای بووەتە یاری و نمایشەکانی شۆفێری یاریی درێفت، کە لەسەر ئاستی هەولێر، کوردستان و عێراق ژمارەیەک نازناوی بردووەتەوە.
وەلید پێشتر لە یانە و شوێنە تایبەتەکانی ئیمارات وەک شۆفیر راهێنان و ئامادەکاری کردووە، دووجار لە تورکیا بەشداری پاڵەوانێتییەکانی درێفتی کردووە و ئەزموونێکی باشی لە یارییەکەدا هەیە.
شوفێرەکەی هەولێر لە چەند رۆژی رابردوودا ئۆتۆمبێلەکەی بردە وڵاتی قوبرسی تورکی، لەوێ هاوشانی 44 شۆفێری وڵاتانی تورکیا، قوبرسی تورکی، قوبرسی یۆنانی، ئێران لەگەڵ یۆنان بەشداری پاڵەوانێتییەکی جیهانی یارییەکەی کرد.
وەلید جەلیل، لەبارەی بەشداریکردنی لەو پاڵەوانێتییە جیهانییەدا بۆ رووداو گوتی "شانازی بەوە دەکەم لەسەر ئاستی هەموو کوردستان و عێراق تاکە وەرزشوان بووم مافی بەشداریکردنم لەو پاڵەوانێتییەدا هەبوو، لەبەرئەوەی ئەگەر کارت و مۆڵەتی یاریزانی نێودەوڵەتیت نەبێت بۆت نییە لەنێو ئەو پاڵەوانێتیانەدا رکابەری بکەیت، کە راستەوخۆ فیدراسیۆن و رێکخراوە جیهانییەکان بەڕێوەی دەبەن".
ئەو وەرزشوانە کوردە بەئۆتۆمبیلێکی زەردی جۆری بی ئێم دەبلیۆی ژمارە هەولێر بەشداربوو، ئەمجارەیان ململانێکان بریتیبوون لە رکابەری دووانەی شۆفێرەکان، واتە دوو ئۆتۆمبێل پێکەوە دەچوونە نێو گۆڕەپان و سەرکێشی و نمایشیان دەکرد، وەلید جەلیل لە کۆی خاڵەکانی توانی لە پلەی شازدە باشترینی پاڵەوانێتییەکە بێت.
زیاتر روونیکردەوە "ئاسان نییە رکابەری ئەو هەموو شۆفێرە بە ئەزموونە بکەیت، لە ئەنجامەکەی خۆم رازیم و بۆ داهاتوو دەمەوێت نازناوێکی جیهانی یاری درێفت ببەمەوە ".
یاریی درێفت بریتییە لە خولانەوە و سەرکێشی شۆفێرەکان لەنێو گۆڕەپانێکی گەورە، هەر شۆفێرێک لە کەمترین ماوەدا کەمترین هەڵە بکات براوە دەبێت.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ