رووداو دیجیتاڵ
ئانخێل دیماریا، دوای 18 ساڵ دوورکەوتنەوە جارێکی دیکە گەڕایەوە یانەی رۆزاریۆ سێنترال، ئەو یانەیەی بۆ یەکەمجار تێیدا دەرکەوت.
ئەوەی چەندین ساڵە هاندەرانی یانە ئەرجەنتییەکە چاوەڕێی دەکەن لە کۆتاییدا بووە راستی و دیماریا، گەڕایەوە ریزەکانی یانەکەیان و وەکو یاریزانی نوێی یانەی رۆزاریۆ سێنترال بە میدیا و هاندەران ناسێنرا.
ئانخێل دیماریا لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی گەڕایەوە زێدی لە دایکبوونی خۆی و بەدرێسی ژمارە 11ـی یانەکەوە دەرکەوت.
دوای ئەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە فرمێسک و دڵخۆشیی ئەستێرە ئەرجەنتییەکە تێیدا ئاوێتەی یەکدی بوون، دیماریا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئەمە شتێکی زۆر جوانە، شتێکە کە ماوەیەکی زۆر بوو خەونم پێوە دەبینی، تێدەگەی؟ بەداخەوە، پێشتر ئەمەم دەویست بەڵام رووی نەدا، وانییە؟ بەڵام ئەوە ئیتر بووەتە ڕابردوو. ئەمڕۆ من لێرەم، لەگەڵ خێزانەکەمدا دڵخۆشم. هەر ئەوە بوو کە دەمویست، کە دووبارە لە یانەی سێنتراڵ یاری بکەمەوە، جارێکی دیکە لەنێو یاریگاکەدا بم. دەرفەتم بۆ رەخسا کە هەموو هاوتیمەکانم ببینم، راهێنان بکەم، جارێکی دیکە درێسەکە لەبەر بکەمەوە و جارێکی دیکەش هەست بکەمەوە کە بەشێکم لەم یانە مەزنە. من شانازی بە هەموو ئەو شتانەوە دەکەم کە کردوومە، بەڵام بۆ من، ئەمە لە هەموو شتێک گرنگترە، گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە دوای ئەم هەموو ماوەیە، ئەم هەموو ساڵە. بەڕاستی، شتێکی زۆر تایبەتە کە بتوانم جارێکی تر لەگەڵ خێزانەکەم لە رۆزاریۆ بژیم، دووبارە درێسی سێنتراڵ لەبەر بکەمەوە و خەڵکەکەش دڵخۆش بن. بۆ من، ئەمە هەموو شتێکە."
El primer día del último sueño.
— Rosario Central (@RosarioCentral) July 8, 2025
Angelito volvió a su casa. #BienvenidoÁngel 💙💛 pic.twitter.com/5QRyok1rqm
دیماریا لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە 2005 بۆ یەکەمجار وەکو یاریزانێکی پیشەگەر بەدرێسی یانەی رۆزاریۆ سێنترالەوە دەرکەوت، دوای دوو ساڵ یارییکردن لەو یانەیە و تۆمارکردنی 6 گۆڵ لە 35 یارییدا روویکردە بێنفیکا، پاشان لە ریال مەدرید، مانچێستەر یونایتد، پاریس سانجێرمان و یوڤێنتوس ئەزموونێکی زۆری پەیداکرد و چەندین نازناوی جیاوازی بردەوە.

بەر لە گەڕانەوەی بۆ رۆزاریۆ، دیماریا لە 2023 تاوەکو 2025 گەڕایەوە بێنفیکا و مۆندیالی یانەکان دوایین دەرکەوتنی ئەو بوو بەدرێسی یانەیەکی ئەورووپییەوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ