ئێمباپێ باسی هەستی خۆی دەکات کاتێک سانجێرمان بووە پاڵەوانی ئەورووپا

08-09-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی پاریس سانجێرمان هەڵبژاردەی فەرەنسا کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، باسی لە هەستەکانی خۆی کردووە، کاتێک پاریس سانجێرمانی یانەی پێشووی یاریزانەکە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە.
 
ئێمباپێ دەڵێ ئەوەی پاریس بەدەستهێنا، پێگەی یانەکە دەباتە ئاستێکی زۆر بەرزتر. ئەو یاریزانە دەڵێ، "لەبایەخی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ تێدەگەم بۆ هاندەرانی پاریس، ئەوە هەنگاوی کۆتایی چەندین ساڵ هەوڵدان بوو".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "لە ساڵانی رابردوودا زۆر نزیکبووین لە نازناوەکەوە، پاریس ئەوەی کرد کە من نەمتوانی بیکەم و دوایین هەنگاوی دروستی نا، پێموایە ئێستا یانەکە دەچێتە پێگەیەکی دیکە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "دڵخۆشبووم بەوەی سانجێرمان، چامپیۆنزلیگی بردەوە، لەبەرئەوەی تیپەکە ژمارەیەک هاوڕێی ئازیزم لەخۆدەگرێت، هەروەها ئەو یانەیە کە ماوەیەکی کاروانی خۆمم تێدا بەسەربردووە و شوێنێکی تایبەتی لەدڵمدا هەیە".
 
سانجێرمان لە کۆتایی وەرزی رابردوودا بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، پاشئەوەی بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر لە ئینتەرمیلانی ئیتاڵیی بردەوە.
 
کیلیان باسی ئامادەسازییەکانی خۆی بۆ مۆندیالی داهاتوو لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا کردووە و دەڵێ، "ئەزموونێکی جیاواز دەبێت لە بەشداریکردنم لە مۆندیالی 2018 و 2022، یاریزان لەرووی وەرزشی و مرۆییەوە دەگۆڕێت لە ماوەی چوار ساڵدا، ئێستا من کاپتنی تیپەکەم و ئەوە شانازییەکی گەورەیە و چاوەڕێی دەکەم".
 
ئێمباپێ ئەو کردەوە رەگەزپەرستییانەی رەتکردەوە کە لە یاریگەکانی ئیسپانیا دووچاری بوو و گوتی، "لە یاریگەدا ئاوڕم لەو جۆرە هەڵسوکەوتانە نەدەدایەوە، لە میدیاکاندا بینیم".
 
ئەو دووپاتیکردووەتەوە، "ئەوە دیاردەیەکی جێگەی داخە، دەبێ واز لە قسەکردن لەسەریان بهێنین، تاوەکو بەرپرسان رێوشوێنی پێویستی لەدژ دەگرنە بەر، نابێ رەگەزپەرستی لەنێوانماندا هەبێت و بەردەوام دەبین لەسەر دژایەتیکردنی".
 
کیلیان کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسایە، چاوی لەگەیشتن بەبوون بەگۆڵکەری مێژوویی فەرەنسایە پاشئەوەی گۆڵی ژمارە 51ی تۆمارکرد و تەنیا شەش گۆڵی ماوە بۆ ئەو ژمارەیەی کە تاوەکو ئێستا بەناوی ئۆلیڤێ ژیرۆوەیە و 57 گۆڵی تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە