کەناڵی ریال مەدرید: لالیگای وەرزی رابردوویان لێ دزین

08-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤار کەناڵی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کەناڵی ریال مەدرید بە ڤیدیۆیەک هەمووان شۆک دەکات و رایدەگەینێت کە نازناوی وەرزی رابردووی لالیگایان لێ دزیوە و دەڵێت "ناوبژیوانانی نیگرێرا خولی وەرزی رابردوویان دزی".
 
کەناڵی یانەی ریال مەدرید هێرشێکی نوێی کردە سەر ناوبژیوانانی خولی ئیسپانیا و بە "دز" ناوی بردن و بەوە تۆمەتباری کردن کە بۆ بەرژەوەندی بارسێلۆنای رکابەریان کاردەکەن و بە "ناوبژیوانانی نیگرێرا" وەسفی کردن.
 
دۆسێیەی نیگرێرا دەگەڕێتەوە بۆ شوباتی 2023، کاتێک بارسێلۆنا تۆمەتبارکرا بە ئەنجامدانی تاوانی گەندەڵی، لەڕێگەی پێدانی 7.3 ملیۆن یۆرۆ بە ناوبژیوانی پێشوو خۆسێ نیگرێرا لەماوەی نێوان ساڵانی 2000 تاوەکو 2018، لەکاتێکدا ئەو جێگری سەرۆکی لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانان بوو.
 
بارسێلۆنا لەو کاتەدا پشتڕاستیکردەوە کە نیگرێرای وەک راوێژکارێکی دەرەکی بەکارهێناوە بۆ دابینکردنی راپۆرتی تەکنیکی دەربارەی ناوبژیوانی بۆ یانەکە، لەکاتێکدا نیگرێرا خۆی رەتیکردەوە کە هیچ بڕە پارەیەکی وەرگرتبێت لە بەرامبەر دەستکاریکردنی بڕیارەکانی ناوبژیوانی لە بەرژەوەندی یانەی کەتەلۆنی.
 
لەمانگی ئایاری 2024 یەکێک لە دادگاکانی بارسێلۆنا بڕیاری بێتاوانبوونی بۆ ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکە 2003-2010 بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا، لە تۆمەتەکانی پێدانی بەرتیل بە نیگرێرا دەرکرد.
 
کەناڵی ریال مەدرید لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی نوێدا رایگەیاند "لە وەرزی رابردوودا ریال مەدرید پێشەنگی لالیگای گرتبوو لەدوای هەفتەی 22، بەڵام سێ یاری لەسەریەک رێڕەوی خولەکەی بەتەواوی گۆڕی".
 
زیاتر گوتی "لە گەڕی 22 ریال مەدرید سەردانی یاریگای ئیسپانیۆلی کرد لەکاتێکدا 7 خاڵ لەپێش بارسیلۆناو 4 خاڵ لە پێش ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بوو. لە کاتی یارییەکەدا، ناوبژیوان مونیر رویز و ڤار لێدانێکی سزای ئاشکرایان بەهۆی بەرکەوتنی دەستەوە لەدژی یاریزانی ئیسپانیۆل پشتگوێ خست، هەروەها گۆڵێکی ڤینیسیۆس جونیۆر رەتکرایەوە، جگە لە پشتگوێخستنی دەستێوەردانێکی تووند لەسەر ئێمباپێ. یارییەکە بە دۆڕاندنی ریال مەدرید بە گۆڵێک کە کارلۆس رۆمیرۆ تۆماری کرد کۆتاییهات، کە ئەو یاریزانە شایەنی دەرکردن بوو بە کارتی سوور".
 
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "لە گەڕی 23 و لە کاتی دێربیی مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ناوبژیوان سۆتۆ گرادۆ لێدانێکی سزای مشتومڕاوی لە قازانجی ئاتلێتیکۆ مەدرید هەژمارکرد بەهۆی پێشێلکارییەکی گوماناوی لەلایەن ڤینیسیۆسەوە، سەرەڕای ناڕوونی حاڵەتەکە، یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتاییهات، و ریال مەدرید پێشەنگی پاراست بەجیاوازی یەک خاڵ لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید و دوو خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا".
 
کەناڵەکە بەردەوام بوو لەسەر قسەکانی "لە گەڕی 24 لە بەرامبەر ئۆساسۆنا لە یاریگای ئەلسادار، ریال مەدرید لە دوو لێدانی سزای ئاشکرا بێبەشکرا لە دژی کاتینا و مۆنکایۆلا، پێش ئەوەی جود بێلینگام لەخولەکی 39 بەهۆی ناڕەزایەتییەک کە ناوبژیوان بەسووکایەتی ناویبرد، دەربکرێت. سەرەڕای پێشکەوتنی ریال مەدرید، لێدانێکی سزا لە دژی میرێنگێ هەژمارکرا و یارییەکە بە یەکسانبوون 1-1 کۆتاییهات".
 
راپۆرتەکە بەم شێوەیە کۆتاییهات "سێ یاری لەسەریەک رێڕەوی لالیگای بەتەواوی گۆڕی. بڕیارەکانی ناوبژیوانان زیانیان بە ریال مەدرید گەیاند، بۆ ئەوەی خاڵەکان لەگەڵ بارسێلۆنا یەکسان بێت، کە بەجیاوازی گۆڵەکان پێشەنگی گرت، پێش ئەوەی دواتر نازناوەکە مسۆگەر بکات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە