رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق گۆڕانکاری زۆر ناکات و دەیەوێت ریزەکانی بە چەند ئەستێرەیەکی ناودار بەهێزتر بکات.
وەرزی ئەمساڵ یانەی هەولێر بەسەرکردایەتی باسم قاسم، گەورە راهێنەری عێراق ئاستێکی بەرزی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکێشکردووە، تیپەکە بە تۆمارکردنی شەش سەرکەوتن و یەکسانبوونێک نۆزدە خاڵی هەیە و لە پلەی پێشەنگی ریزبەندییە.
ئیمپڕاتۆڕ لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەیەوێت زیاتر ریزەکانی پتەوتر بکات، بەڵام گۆڕانکارییەکانی بەشێوەیەک دەبن کە ئەو یاریزانانەی دێنە ریزەکانی دەبێت رکابەرییەکانی تیپەکە بەهێزتر بکەن.
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لەبارەی گۆڕانکارییەکانی لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی یانە دانیشتووین و دەمانەوێت سێ یاریزانی پیشەگەر و سێ یاریزانی ناوخۆیی عێراق بهێنینە ریزەکانمان، بۆ ئەوەی لەسەر ریتمی ململانێی پێشەنگی بمێنینەوە".
بازاڕی گواستنەوەی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی پێنی مانگی یەکی 2026 دەکرێتەوە و ماوەی مانگێک دەخایەنێت.
کاردۆ سدیق، بەرگریکاری کوردی پێشووی یانەی کریستاڵ پاڵاسی ئینگلیزی، کە دەیان یاری و مێژووییەکی لە پرێمەرلیگ بۆ خۆی نوسیووەتەوە، سەرەتای وەرزی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەورۆز واژۆکرد، بەڵام دوێنێ ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی هەولێر راهێنانی کرد و چاوەڕوان دەکرێت درێسی زەرد بپۆشێت.
سەرچاوەیەک لە یانەی وەرزشیی هەولێر لەبارەی هێنانی کاردۆ سدیق، بۆ رووداو روونیکردەوە "کاردۆ سدیق، یاریزانێکی بە ئەزموون و ئاستبەرزە و لەوانەیە دەرفەتی یاریکردنی پێنەدرابێت، ئێمە چاودێری ئاست و تواناکانی دەکەین و چوار یەکەی راهێنان لەگەڵ یانەکەمان ئەنجام دەدات و دواتر بەبڕیاری کۆتایی راهێنەر گەر بیەوێت گرێبەستی لەگەڵ واژۆ دەکەین".
چاوەڕوان دەکرێت یانەی هەولێر دەستبەرداری دوو تاوەکو سێ یاریزانی پیشەگەری بێت، کیڤن ویلیامی ئەرجەنتینی یەکێکە لەو یاریزانانەی کە بە ئەگەرێکی زۆر دەستبەرداری دەبێت.
ئەو سەرچاوەیەی یانەی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد "دەمانەوێت گۆڕانکاری لە یاریزانە پیشەگەرەکان بکەین، بەڵام پەلە ناکەین و دەمانەوێت یاریزانی باشتر بهێنین بەمەرجێک هەبن، چونکە تیپەکەمان سەقامگیرە و دۆخمان باشە، سەبارەت بە یانیک زاکیری، پێشنیازی گرێبەستکردنمان بۆ هاتووە دەستەی راهێنەران ئەو پرسە یەکلایی دەکەنەوە".
یانەی هەولێر لە 1968 دامەزراوە، خاوەن چوار نازناوی خولی عێراقە و دوو جار پلەی دووەمی جامی یەکێتیی ئاسیای بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ