یانەی هەولێر سزادرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رووداوەکانی یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و شورتە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر بە یارییەک بەبێ هاندەر و پێبژاردنی 25 ملیۆن دینار سزادرا.
 
لیژنەی رێکاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەڵێت "کۆبوونەوە لەبارەی پێداچوونە بەو رووداوانە کرا کە لە یاریی نێوان یانەکانی شورتە و هەولێر لە رۆژی 24-10-2025 لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا روویاندا و هەولێر یارییەکەی بە 1-0 بردەوە."
 
لیژنەکە دەڵێت "دوای ئەوەی پێداچوونە بە ڤیدیۆکانی پەیوەست بەو یارییە و رووداوەکانی کران، دەرکەوتووە کە چەندین سەرپێچی کراون لەلایەن هاندەرانی یانەی هەولێرەوە، لەوانە بەرزکردنەوەی بانەری سیاسی لە یاریگەدا، ئەمەش پێشینەیەکی مەترسیدارە لە یاریگەکانماندا و لەگەڵ رێنماییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و فیفا ناگونجێن و قەدەخەیە."
 
دوای کۆبوونەوەکە لیژنەکە بڕیارییدا یانەی هەولێر بەپێبژاردنی 25 ملیۆن دینار سزابدات، جگە لەوەش هاندەرانی یانەکە بۆ یارییەک لە چوونە نێو یاریگە بێبەش دەکرێن.
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا لیژنەی رێکاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق نووسیوویەتی "ئەم بڕیارە بە کۆی دەنگ دەرچووە و بوار بۆ تانە لێدان دەهێڵنەوە."
 
سزادانی یانەی هەولێر لەکاتێکدایە دوو رۆژ لەمەوبەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ جاری سێیەم بانگهێشتی نوێنەری یانەکە دەکات بۆ وەڵامدانەی سکاڵای هەریەکە لە کاوە ئیبراهیم، هەڵۆ فایەق و ئوسامە رەشید لەسەر یانەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە